له یارییه‌كدا 3 هه‌زار جنێویان به پێكی دا
رووداو ـ هه‌ولێر
رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئیسپانیۆل له یاری چوونی قۆناخی 8ی جامی شای ئیسپانیادا، له‌سه‌ر ئاستی هونه‌ری له‌سه‌ر یاریگه، بۆ بارسێلۆنا ئاسان نه‌بوو، بۆ ئه‌ستێره‌ی تیپه‌كه‌ش جیرارد پیكێ له‌سه‌ر ئاستی ده‌روونی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری تیپی میواندار، له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه ئاسان نه‌بوو، كه هه‌موو جۆره جنێوێكی پێدرا.
جه‌ماوه‌ری ئیسپانیۆل، یه‌كێك له خراپترین شه‌ویان به جیرارد پیكێ، به‌رگریكاری بارسێلۆنا چه‌شت، دوای ئه‌وه‌ی جنێوبارانیان كرد، وه‌ك رادیۆی كادینا سیری ئیسپانی باسی ده‌كات، ئه‌و شه‌وه له‌و یارییه‌دا 3 هه‌زار جنێویان به پێكێ داوه.
پیكێ به یه‌كێك له دیارترین یاریزان و هێمای یانه‌كه‌ی كه‌ته‌لۆنیا داده‌نرێ، بۆیه به‌رده‌وام له‌لایه‌ن ركابه‌رانیه‌وه هێرشی ده‌كرێته سه‌ر، چ له پایته‌ختی ئیسپانیا مه‌درید، یان له تیپه‌كانی دراوسێ له هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیاوه، به‌تایبه‌تیش ئیسپانیۆل، كه ئه‌و تیپه‌ی كه‌ته‌لۆنیا و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی به لایه‌نگرانی ئیسپانیا داده‌نرێن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له یارییه‌كه‌شدا دیاربوو هانده‌رانی ئیسپانیۆل له رقی یاریزانان و هانده‌رانی بارسێلۆنا هه‌زاران ئاڵای ئیسپانیایان له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردبووه نێو یاریگه.