لە نێو ناڕەزایەتیی کەتەلۆنییەکاندا، سانجێرمان گرێبەستی لەگەڵ درۆ راگەیاند


رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ درۆ فێرناندێزی بەهرەمەندی یانەی بارسێلۆنا راگەیاند، پاش چەند رۆژێک لە دروستبونی مشتومڕ لەبارەی گواستنەوەکە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، سانجێرمان بڕی 8 ملیۆن یۆرۆی داوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە.
 
راگەیاندنی گرێبەستەکە پێشبینیکراو بوو، بەڵام لە نێو شەپۆلێکی تووندی ناڕەزایی بەرپرسانی بارسادا ئەنجامدرا، کە پەرچەکرداری تووندیان بەرامبەر گواستنەوەکە پێشاندا.
 
خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا رایگەیاندبوو "کاتێک گواستنەوەکە تەواوبوو، ئەوکات باسی دەیەکین، بەڵام ئەو رایگەیاندووە کە نایەوێت لەگەڵ ئێمە بەردەوام بێت و ئەوەی روودەدات مایەی دڵخۆشیمان نییە".
 
سەرچاوەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردبوو، ئەو یاریزانە لاوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا تەمەنی بووەتە 18 ساڵ، نەیویستووە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێبکاتەوە، پاشئەوەی لەلایەن هانزی فلیکی راهێنەری یانەکەوە بەپێی پێویست بایەخی پێنەدراوە.
 
پێشتر بەرپرسانی بارسا ئاشکرایانکردبوو، نیازی نوێکردنەوەی گرێبەستی درۆیان هەیە کاتێک تەمەنی دەبێتە 18 ساڵ، بەڵام ئەو بەرلەوە دانوستاندنی لەگەڵ بەرپرسانی سانجێرمان دەستپێکرد و لەگەڵیان رێکەوتبوو.
 
میدیای ئیسپانیا گوتویانە، ناسڕ خلێفی، سەرۆکی سانجێرمان خۆی قسەی لەگەڵ خوان لاپۆرتا سەرۆکی بارسێلۆنا کردووە، بۆ ئەنجامدانی گواستنەوەکە.
 
درۆ لە دوای کلاسیکۆی جامی سوپەری ئیسپانیاوە، تەنیا ماوەی زۆر کورت بەشداری لە یارییەکانی بارسێلۆنادا کرد. لە یاریی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو پاش مسۆگەرکردنی ئەنجامەکە و لە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید.
 
ئەو بەهرەمەندە لاوە پشتی بەجامی شای ئیسپانیا بەستبوو بۆ ئەوەی هەلی یارییکردنی بەشێوەی سەرەکی پێبدرێت، بەڵام لە دوایین یاریی یانەکە بەرامبەر گوادالاخارا، یەک خولەکیش یاریی نەکرد.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، پەیوەندی نێوان نوێنەرانی یاریزانەکە و بارسێلۆنا، لە یارییەکەی گوادالاخارادا بەتەواوی پچڕاوە، چونکە دەمەقاڵە لە نێوان یاریزانەکە و هانزی فلیکدا لەسەر بەشداریی پێنەکردن دروست بووە.
 
میدیای فەرەنسا گوتویانە، چەندین مانگ بوو پاریس سانجێرمان چاودێریی ئاستی ئەو یاریزانەیان دەکرد و ئاشکرابوونی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ فلیک، ئەو هەلەبوو کە یانە پاریسییەکە بەدوایدا دەگەڕا، لەپێناو گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە.