هەولێر دوای دوو دۆڕان دەیەوێت پێشەنگ بپارێزێت


رووداو دیجیتاڵ

دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک یانەی هەولێر بەدوای بردنەوەدا دەگەڕێت و دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە.
 
هەولێر دوای دۆڕانی بەرامبەر هەردوو یانەی زەورا و تەڵەبە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەرامبەر یانەی کەرخ یاریی دەکات و یارییەکە لە بە‌‌غدا بەڕێوەدەچێت.
 
هەروان زوبەیدی بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوورەوە یاریی ناکات، مستەفا قابیل و مامادۆ دیارا پێکانیان هەیە.
 
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی " گوشاری یارییەکان و دواکەوتنی یاریزنان لە گواستنەوەی زستانەدا کاریگەریی لەسەر تیپەکە هەبوو لە دوو یاریی رابردوودا، بەڵام سەرەڕای دۆڕانی ئەو دوو یارییەش ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر متمانەم بە تیپەکەم هەیە، هیوادارین پێشەنگی ریزبەند بەهێزتر بکەین."
 
راهێنەری هەولێر زیاتر دەڵێت "ئێمە دەزانین کەرخ تیپێکی باشە، راهێنەرێکی بەتوانا و یاریزانی لاوی هەیە کە دەتوانن ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەن."
 
هەولێر خاوەنی 30 خاڵە و لە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، کەرخ 26 خاڵی هەیە و لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەیە، لە گەڕی رابردوودا کەرخ بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە نەورۆزی بردەوە و 7 یارییە یانەکە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.