نەورۆز لە ئێوارەیەکی مێژووییدا دەیەوێت کوردستان دڵخۆش بکات
رووداو دیجیتاڵ
لە ئێوارەیەکی سەرنجڕاکێش و گەورەدا، یانەی نەورۆز بەدوای بردنەوەدا دەگەڕێت کاتێک لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی گەرمە یاریی دەکات.
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی 15ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق کاژێر 17:30 لە یاریگەی نەورۆز لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، خاوەن یاریگە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بەرامبەر یانەی کەرخ بکاتەوە.
بەر لە یارییەکە وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یارییەکەی بەرامبەر گەرمە زەحمەت دەبێت، ئەوان لەسەر هێڵێکی راست بۆ بەرزبوونەوە دەڕۆن، یاریزانی بە توانایان هەیە."
راهێنەری نەورۆز دەڵێت "وەکو هەمیشە ئامادەکارییەکان بەردەوامن، بەهۆی زۆر یارییەکانەوە ناچارین گۆڕانکاری بە یاریزانەکان بکەین بۆ ئەوەی توانای جەستەییان بپارێزین، هەروەها یاریزانە یەدەگەکان ئامادەن بۆ قەرەبووکردنەوەی. هەندێک یاریزانمان گەڕاونەتەوە، بەڵام هانی شاکر هێشتا ئامادەنییە، حوسام مالک ناتوانێت یاری بکات و ئوجی پشووی پێدەدرێت، بەهۆی نائامادەییەوە."
ئەنتۆنیۆ کارزۆلا، راهێنەری یانەی گەرمە دەڵێت "یارییەکی زەحمەت چاوەڕێمان دەکات، دەمانەوێت لە بردنەوە بەردەوامبین و پارێزگاری لە شوێنەکەمان بکەین، زۆر بەباشی کاردەکەین و ئامادەین بۆ یاریی بەرامبەر نەورۆز."
گەرمە تیپێکی بەهێزی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، لە هەشت یاریی رابردوودا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، دوایین سێ یاریی بردووەتەوە و ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندە.
چەند رۆژێکە هاندەرانی یانەی نەورۆز خۆیان ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی لە یاریگەی یانەکەدا جوانترین و سەرنجڕاکێشترین چالاکی ئەنجامبدەن، ئەمڕۆ هەزاران هاندەر بە ئاڵای کوردستانەوە دەچنە یاریگە بۆ پاڵپشتیکردن لە رۆژئاڤای کوردستان.
پێشتر یانەی نەورۆز رایگەیاندووە، هەموو داهاتی یارییەکە بۆ رۆژئاڤای کوردستان دەبێت و داوا لە هاندەران و کوردستانیان دەکات لە یاریگە ئامادەبن بۆ پاڵپشتیکردن لە یانەکە و رۆژئاڤای کوردستان.