سیروانی نوێ گەڕایەوە نێو رکابەرییەکان و برایەتی و پێشمەرگەی سلێمانیش براوەبوون

رووداو-هەولێر

یانەی سیروانی نوێ یاری لووتکەی ئەمڕۆی لە خولی  نایابی کوردستان بردەوە، هەریەکە لە یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی و بەرایەتیش براوەبوون.

لە گەڕی 16ـی خولی نایابی کوردستان، یانەی سیروانی نوێ لە شاری دهۆک بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک شکستی بە یانەی دهۆک هێنا، بەم سەرکەوتنەش بە شێوەیەکی کاتی چووە پێشەنگی خولی نایابی کوردستان.

گۆڵەکانی یانەی سیروانی نوێ لەلایەن فەرزندە محەممەد لە خولەکەکانی 42 و 45ـدا تۆماران، موئەیەد عەبدولباست تاکە گۆڵەکەی دهۆکی لە خولەکی 32 تۆمارکرد.

یانەی برایەتیش لە یاریگەی خۆیدا شکستێکی دیکەی بە یانەی دەربەندخان نۆشی و 3-0 لێیبردەوە، شێرزاد حسێن، بیلال ساڵح و عەلی کاکەمینە گۆڵەکانی برایەتییان تۆمارکرد.

برایەتی بە شێوەیەکی کاتی چووە پلەی سێیەم، دەربەندیش دابەزییە پلەی 12.

لە دوایاری ئەمڕۆشدا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوام بوو، دوای ئەوەی شکستی بە یانەی سۆران هێنا بە گۆڵێکی رێکان رزگار کە لە دواخولەکەکاندا تۆماریکرد.

پێشمەرگەی سلێمانی لە پلەی 12ـەوە بازیدا بۆ پلەی هەشتەم و ئەو پلەیەی بە یانەی سۆران چۆڵکرد.