تەلەڤیزیۆنی ریال مەدرید 250 جار گرتەیەکی ڤیدیۆیی دووبارەکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
تەلەڤیزیۆنی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە هێرشی تووند بۆ سەر ناوبژیوانانی لالیگا بەردەوامە، بەتایبەت پاش یەکسانبوون بەرامبەر ریال بێتیس، کە هەموو ئومێدێکی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگای لە یانەکەدا کوشت.
یارییەکە کە بەیەکسانبوونی هەردوو یانە بەگۆڵێک کۆتایی هات، تووڕەبوونی گەورەی ریال مەدریدی بەدواداهات، پاشئەوەی یاریزانانی یانەکە داوای لێدانی سزایانکرد، پاش بەردەستکەوتنی تۆپ لەلایەن ریکاردۆ رۆدریگێزی یاریزانی بێتیس، بەڵام سۆتۆ گرادۆی ناوبژیوانی یارییەکە، نەگەڕایەوە بۆ ڤار.
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، هێرشەکانی کەناڵی ریال مەدرید بۆ سەر ناوبژیوانان بەبەکارهێنانی گرتەی رووداوە گوماناوییەکانی یارییەکەی بێتیس بەردەوام بووە، بەڵام رۆژی هەینی، دووبارەکردنەوەی گرتەی تۆپ بەردەستکەوتنەکەی ریکاردۆ رۆدریگێز لەلایەن کەناڵەکەوە، شایستەی ئەوەبوو بچێتە کتێبی گینسی ژمارە پێوانەییەکانەوە.
رۆژنامەکە دەڵێ، "کەناڵەکە گرتەی ئەژمارنەکردنی لێدانە سزاکەی رۆدریگێزی نزیکەی 250 جار، (245 جاری تەواو)، دووبارەکردووەتەوە، کاتێک شرۆڤەی یارییەکەی کردووە.
مۆندۆ زیاتر دەڵێ، "دوای لەناوچوونی ئومێدی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا لەلایەن ریال مەدریدەوە، کەناڵی یانەکە هێرشێکی زۆر تووندی کردووەتە سەر دەستەی ناوبژیوانان و سەرۆکی لالیگا و سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا. هەروەها هێرشی تووندی کردووەتەوە سەر یانەی بارسێلۆنا بەهۆی دۆسێی نێگرێراوە، پاشانیش هێرشی کردووەتە سەر میدیاکانی وڵاتەکە".
رۆژنامەکە دەڵێ، تەلەڤیزیۆنەکە هێرشی کردووەتە سەر هەمووان بەبێ دەستپاراستن لە هیچ کەسێک. کەس نەماوەتەوە لە ئیسپانیا، کەناڵەکە پەلاماری نەدات.
وەک رۆژنامەکە دەڵێ، "تەلەڤیزیۆنەکە هەموو پێشبینییەکی تێپەڕاندووە، گرتە مشتومڕهەڵگرەکەی ریکاردۆیان بەوێنەگرتنی پێنج گۆشەی جیاواز، لە ماوەی یەک کاژێر شرۆڤەی یارییەکەدا، 245 جار دووبارەکردووەتەوە".
ریال مەدرید بەهۆی یەکسانبوون لەگەڵ بێتیس و سەرکەوتنی بارسێلۆنا بەسەر خیتافی، بەجیاوازیی 11 خاڵ لە دوای بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندی لالیگا دێت.