ئەستێرە گەورەکەی ریال مەدرید بای بای

رووداو دیجیتاڵ 

 

پێشبینییەکان لە میدیای ئیسپانیادا سەبارەت بە کۆتاییهاتنی پێشوەختەی وەرزی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی لەگەڵ ریال مەدرید روویان لە زیادبوون کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە یارییەکەی بەرامبەر ریال بێتیس، کە  بە یەکسانبوون  بەئەنجامی 1-1 کۆتاییهات، بەپێکانەوە یاریگەی جێهێشت.
 
بەگوێرەی ئەوەی جوزێپ پێدریرۆڵ، پێشکەشکاری بەرنامەی بەناوبانگی  El Chiringuito  ئاشکرایکردووە، ئێمباپێ 'جارێکی دیکە لەم وەرزەدا یاری ناکاتەوە'، ئاماژەی بەوەش کردووە ئەو پێکانەی تووشی بووە رێگری لێدەکات لە تەواوکردنی یارییەکانی دیکەی وەرزەکە.
 
هەمان بۆچوون لەلایەن خوسێ لویس هۆرتادۆ،  لە رۆژنامەی مارکای ئیسپانی پشتڕاستکراوەتەوە، کە پێیوایە ئێمباپێ پێی باشە جەستەی خۆی بۆ مۆندیالی 2026 بپارێزێت، بەتایبەت کە ریال مەدرید لە ململانێی نازناوەکانی ئەم وەرزە دوورکەوتووەتەوە. 
 
هۆرتادۆ نووسیویەتی "لە یاریگەی لا کارتۆخا، ئێمباپێ بە بێهیواییەوە دەردەکەوت کاتێک بەهۆی گرژبوونی ماسوولکەوە یاریگەی جێهێشت، ئەمەش پێکانێکی باوە لەنێوان یاریزانان کاتێک پاڵەوانێتییە گەورەکان نزیک دەبنەوە.. ئێمباپێ تووشی پێکان بووە و تووڕەیە".
 
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید دوای یارییەکە دووپاتیکردەوە کە یاریزانەکە بەدەست هەندێک ئازارەوە دەناڵێنێت و هیوای خواست لە رۆژانی داهاتوودا دۆخی باشتر بێت. دوای چەند کاژێرێک یانەکە لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا روونی کردەوە کە پشکنینە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە ئێمباپێ تووشی 'ماندووبوونی ماسوولکەیی لە ژێیەکانی ئەژنۆی چەپیدا' بووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە پێکانێکی مەترسیدارتر بدەن.
 
ئەو هێرشبەرە فەڕەنسییە ڕۆژی شەممە پشکنینی سۆنەری بۆ کراوە و ئەنجامەکەی دڵخۆشکەر بووە، بڕیاریشە ئەمڕۆ دووشەممە پشکنینی تەنوری (MRI) بۆ بکرێت بۆ دیاریکردنی وردی قەبارەی پێکانەکە.
 
مباپێ کە دووەم وەرزییەتی بە درێسی ڕیال مەدریدەوە، ئەمساڵ تووشی زنجیرەیەک پێکان بووە، کە دیارترینیان پێکانێکی ئەژنۆ بوو لە مانگی ئاداری ڕابردوودا. لەگەڵ دوورکەوتنەوەی یانە شاهانەکە لە ململانێی نازناوی خولی ئیسپانیا بە جیاوازی ١١ خاڵ لە دوای بەرشەلۆنە و تەنها ٥ گەڕ پێش کۆتایی، وادیارە وەرزەکەی بەبێ بەدەستهێنانی هیچ نازناوێک کۆتایی دێت.
 
سەرەڕای ئەوەی لە هەردوو یاری چوون و هاتنی بەرامبەر بایرن میونشن لە چارەکی کۆتایی خولی پاڵەوانەکان گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام مباپێ نەیتوانی تیپەکەی لە ماڵئاواییکردن ڕزگار بکات. هەروەها لە هەفتەکانی کۆتایی خولدا ئاستی پاشەکشەی کردووە و لە دوو مانگی ڕابردوودا تەنها یەک گۆڵی تۆمارکردووە.
 
لەکاتێکدا نزیکەی شەش هەفتە ماوە بۆ دەستپێکی مۆندیالی 2026، کە تێیدا فەرەنسا لە 16ـی حوزەیران رووبەڕووی سەنیگال دەبێتەوە، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئێمباپێ بڕیار بدات وەرزەکەی زوو کۆتایی پێبهێنێت بۆ ئەوەی بەتەواوی بۆ ئەو رووداوە جیهانییە ئامادە بێت.