ڤینیسیۆس داواییەکی زەحمەت لە ریال مەدرید دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەگەر بڕیارەکە لە دەستی ڤینیسیۆس جۆنیۆردا بووایە سەبارەت بەوەی کێ وەرزی داهاتوو ببێتە راهێنەری ریال مەدرید، ئەوا ئەستێرە بەرازیلییەکە بەبڕیاری مانەوەی ئەلڤارۆ ئەربێلوا بابەتەکەی یەکلایی دەکردەوە.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی شاهانە ئاشکرایکردووە کە ڤینیسیۆس داوای لە بەرپرسانی یانەکە کردووە، ئەربێلوا بەردەوام بێت لە راهێنەرایەتی تیپەکەیان و پێیگوتوون کە ئەو گونجاوترین راهێنەرە و هەموو یاریزانەکان حەز بەمانەوەی دەکەن.
 
ڤینیسیۆس لە یەکەم ساتەوە بووە گەورەترین پشتیوانی ئەربێلوا لەو کاتەوەی هاتووەتە سەر کورسیی راهێنەرایەتی ریال مەدرید، چونکە راهێنەرەکە وایکرد دووبارە هەست بە گرنگیی خۆی بکاتەوە.
 
رۆژنامەی مارکا لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڤینیسیۆس لەگەڵ ئەربێلوا هەمان ئەو گونجان و هەماهەنگییەی دۆزیوەتەوە کە پێشتر لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتی هەیبوو، کە ئەوکات وایلێکرد ببێتە ئەستێرەیەکی جیهانی و یەکێک لە مەترسیدارترین چەکەکانی هێڵی هێرشبەریی ریال مەدرید.
 
هەمان شت لەگەڵ ئەربێلوا دووبارە بووەوە؛ ڤینیسیۆس لە یەکەم ساتەوە پەیوەست بوو پێیەوە و گونجانێکی تەواو لە نێوانیاندا هەیە، ئەمەش بەڕوونی لە ناو یاریگەدا رەنگی داوەتەوە.
 
ڤینیسیۆس یاریزانە گرنگەکەی ئەربێلوایە
 
جگە لە یاری بەرامبەر ڤالێنسیا کە بەهۆی سزادانەوە  تێیدا ئامادە نەبوو، ڤینیسیۆس لە هەموو یارییەکانی  سەردەمی ئەربێلوادا بەشداری کردووە؛ لە کۆی 23 یاری لە 21 یارییدا سەرەکی بووە، 19 یاری بەتەواوی ئەنجامداوە و تەنیا لە یەک یارییدا بەرامبەر مایۆرکا بۆ ئەوەی پشوو بدات وەک یەدەگ مایەوە.
 
هەروەها ئاستی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و لە کاتی هاتنی ئەربێلواوە بەتۆمارکردنی 13 گۆڵ بووەتە گۆڵکاری یانە شاهانەکە. لەکۆی ئەو 19 گۆڵەی لەم وەرزەدا تۆماری کردوون، 13گۆڵیان لەژێر سەرپەرشتی ئەربێلوادا بووە (واتا 68٪ـی گۆڵەکانی).
 
لەڕێگەی ئەم گونجانە گەورەیەوە، ڤینیسیۆس باشترین ئاستی خۆی بەدەستهێناوەتەوە و لەگەڵ ئامادەنەبوونی ئێمباپێ لە چەندین یارییدا، ڤینیسیۆس بووەتە ئەو یاریزانەی کە بەرپرسیارێتی تیپەکەی لەسەر شانەکانی هەڵگرتووە.