هەولێر لە یارییەکی پڕ گۆڵدا لە تەڵەبەی بردەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەولێر سەرکەوتنێکی گرنگی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی تۆمارکرد و توانی بە ئەنجامی 3-2 لە یانەی تەڵەبە بباتەوە، ئەم بردنەوەیە لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 31ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق بوو.
یارییەکە لە شاری بەغدا لە یاریگای مەدینە بەڕێوەچوو، یانەی هەولێر لە گێمی یەکەمدا بە ئاستێکی باش دەرکەوت و توانی لە خولەکی 41ـی یارییەکەدا لە رێگەی مایکۆڵ کابرێرا گۆڵی پێشکەوتن تۆمار بکات، گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمدا کێبڕکێی نێوان هەردوو یانە بەهێزتر بوو، لە خولەکی 63 کریستیان بارکۆ گۆڵی دووەمی هەولێری تۆمارکرد، بەڵام یانەی تەڵەبە زوو گەڕایەوە ناو کەشی یارییەکە و لە خولەکی 68 لە رێگەی عەلا عەبدولزەهرە جیاوازییەکەی کەمکردەوە.
هەوڵەکانی هەولێر بۆ مسۆگەرکردنی بردنەوەکە بەردەوام بوون، شێرزوود تێمیرۆڤ لە خولەکی 78 بە ئەسیستێکی نایابی سەفین مەنسوور گۆڵی سێیەمی هەولێری تۆمارکرد، هەرچەندە سیمۆن مەسوڤا لە خولەکی 80 گۆڵی دووەمی بۆ تەڵەبە تۆمارکرد، بەڵام کوڕانی قەڵا و منارە توانییان تا کۆتایی پارێزگاری لە ئەنجامەکە بکەن و سێ خاڵی گرنگ لە بەغداوە ببەنەوە.
ئەم ئەنجامە هەولێر بە کۆکردنەوەی 63 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە و بە خاڵێک لەدواوەی شورتەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە