ئالاڤێش و بارسێلۆنا هەوڵی بەدەستهێنانی نازناوی شای ئیسپانیا دەدەن

رووداو -هه‌ولێر  

لە جامی شای ئیسپانیاشدا ئالاڤێش دەیەوێت جارێکی دیکە سوپرازێك ئەنجامبدات و لە بارسێلۆنا بباتەوەو بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا ببێتە پاڵەوانی جامی شا، بارسێلۆناش هەوڵدەدات جارێکی دیکە باڵادەستی خۆی لەم پاڵەوانێتییەدا بسەپێنێت و بۆ جاری 29مین لە مێژوویدا ببێتە پاڵەوان.

خەونە مەزنەکەی ئالاڤێش، لەگەڵ هیوای ئێنریکێ و مێسی ئەمشەو لە دوا یاریی، یاریگەی ڤیسنتی کاڵدیرۆن لەنێوانیان یەکلادەبێتەوە.

یاریگەی ڤیسنتی کاڵدیرۆنی تایبەت بە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، ئەمشەو دواهەمین یاری، دواهەمین شین و شایی و کۆتا ئاهەنگی تێدا بەڕێوەدەچێت و ماڵئاوایی لە رکابەرییەکان دەکات.

بارسێلۆنای هەرێمی کەتەلۆنیا و ئالاڤێشی هەرێمی باسک دوو یانە لە دوو هەرێمی جوداخواز لە شانشینی ئیسپانیا، ئەمشەو رکابەری بردنەوەی نازناوی پاشای ئیسپانیا دەکەن، ئەو پاشایەی دانیشتیوانی هەردوو هەرێمەکە بە پاشای خۆیان نازانن، هەروەها هەزاران یادەوەری تاڵیشیان لە دەستەڵاتە میراتییەکەیدا بۆیان ماوەتەوە.

ئالاڤێش کە بە پلەی نۆیەم کۆتایی بەم وەرزەی لالیگا هێنا و خاوەنی هیچ نازناوێکی ئەو جامەش نییە، دەیەوێ بۆ یەکەمجار هەم ببێتەوە خاوەن نازناوەکە، هەم تۆڵەی شکستە نیو دەرزەن گۆڵییەکەی بکاتەوەو هەمیش بە بردنەوەی نازناوەکە رکابەری گەیشتن بە وەرزی داهاتووی یۆروپالیگیش بکات.

لویس ئێنریکێ راهێنەری بارسێلۆنا دواهەمین یاریی سەرکردایەتی بارسا دەکات و دەیەوێ بە بردنەوەی نازناوەکە ماڵئاوایی لە بارسا بکات و بە سەربەرزی ریزی یانە کەتەلۆنیەکە جێبێڵێت.

هەروەها بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا هیچ نازناوێکی لەم وەرزە بەدەستنەهێناوە، دەیەوێ جامی 29یەمی پاشایەکەی ئیسپانیا بخاتە نێو مۆزەخانەی نازناوەکانی و زیاتر لە رکابەرەکانی لە بردنەوەی نازناوەکە دووربکەوێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە لیۆنێل مێسی ئەستسیڕەی بارسێلۆنا و خاوەنی 5 باڵۆن دۆر، لەم وەرزەدا جگە لە گۆڵکاربوونی لەلالیگا و چامپیۆنزلیگ و خولەکانی ئەوروپا، دەیەوێ بە بردنەوەی نازناوەکە بیانو و هۆکارەکان بەهێزتر بکات بۆ رکابەری بردنەوەی باڵۆن دۆری ئەم ساڵ.