سەرۆکی مانچێستەر سیتی دڵنیایی دەداتە هاندەرانی
رووداو - هەولێر
سەرۆکی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، لەبارەی یاساکانی یاریی خاوێن لە یانەکەیدا دڵنیایی دەداتە هاندەرانی یانەکەی.
خەلدوون موبارەک، سەرۆکی یانەی مانچێستەر سیتی بە ماڵپەری یانەکەی راگەیاندووە، هیچ هەست بە دوو دڵی ناکات، ئێمە رێزمان بۆ هەموو لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە یاساکانی یاریی خاوێن هەیە، بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک، چاودێری و پرسیارێک لەو بارەیەوە.
سەرۆکی پاڵەوانی پرێمەرلیگ زیاتر گوتی، ئێمە پیشەگەرانە کاردەکەین، ئێمە هەموو رێکارەکان و داواکارییەکان جێبەجێدەکەین و بەشێوەیەکی روون کاردەکەین.
خەلدون موبارەک، سەرۆکی یانەی مانچێستەر سیتی
ئەم قسانەی سەرۆکی مانچێستەر سیتی لەکاتێکدایە کە گوڤاری دێر شبیگلی ئەڵمانی لە مانگی ئاداری رابردوو رایگەیاندبوو، یانەی مانچێستەر سیتی بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی یاریی خاوێن ئەگەری هەیە لەلایەن یوێفاوە سزابدرێت و لە چامپیۆنزلیگ دووربخرێتەوە.
بەپێی یاساکانی یوێفا پێویستە هەموو یانەکان هاوسەنگی لە نێوان خەرجی و داهاتەکانیاندا بپارێزن.