ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ بووە گۆڵکار و نەگەیشتە چامپیۆنزلیگ


رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەسڕ دوایین یاریی لەم وەرزەی خولی سعودیدا دۆڕاند و لە ئەگەری مانەوەی لە یانەکەدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداری لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا ناکات.
 
لە دوایین یاریی خولەکەدا، نەسڕ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی فەتح یارییکرد، لە خولەکی 42 کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد، نەسڕ پێشکەوت.
 
زۆری نەبرد و بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە ماتیاس ڤارگاس ئەنجامەکەی بۆ فەتح یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی 74 سادیۆ مانێ جارێکی دیکە نەسڕی پێشخست و گۆڵی دووەمی بۆ یانەکە تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 80 موراد بەتنە، بەلێدانێکی راستەوخۆی جوان، ئەنجامەکەی بۆ فەتح یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی پێنجەمی زیادکراوی یارییەکەدا، ماتیۆ ماچادۆ گۆڵی سێیەمی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد، فەتح یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
 
نەسڕ یارییەکەی دۆڕاند و بەمشێوەیە نەیتوانی بگاتە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە تۆمارکردنی 25 گۆڵ بووە گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولی سعودی، دوای یارییەکەش لە پەیامێکدا گوتی "ئەم بابەتە کۆتاییهات، چیرۆکەکە؟ هێشتا دەنووسرێت و سوپاس بۆ هەمووان."