کەمپەینێک لەلایەن یاریزانانی بارسیلۆناوە لەدژی لاپۆرتا و فلیک

رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژنامەیەکی ئیسپانی ئاشکرای دەکات کە خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا و هانزی فلیکی راهێنەر بیریان لە فرۆشتنی یەکێک لە ئەستێرەکانی یانەکەیان کردووەتەوە، بەڵام کۆمەڵێک یاریزانی ئەو یانەیە کە بەو هەواڵەیان زانیوە، کەپەینێکیان لەدژی ئەو هەڵوێستەی لاپۆرتا و فلیک کردووە و رازی نابن ئەو هاوڕێیەیان بفرۆشرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی، لاپۆرتا و فلیک بیر لە فرۆشتنی فێرمین لۆپێزی ئەستێرەی لاوی یانەکە دەکەنەوە بۆ بەهێزکردنی خەزێنەی یانەکە و بەکارهێنانی پارەکە لە مێرکاتۆی هاوینەدا، لەبەرئەوەی پێشبینی دەکرێت بە پارەیەکی زۆر بفرۆشرێت.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، گوشارەکانی یاریزانە سەرەکییەکانی بارسێلۆنا بەسەرۆکایەتی لامین یامال و پێدری، لاپۆرتا، فلیک و دیکۆی ناچارکردووە پاشەکشە بکەن لە بیرۆکەی فرۆشتنی ئەو یاریزانەیە.
 
دوای وەرزێکی ناوازە، کە لەو ماوەیەدا سێ نازناوی ناوخۆیی، لالیگا، جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێنا، بارسیلۆنا بەمتمانەوە بەرەو بەهێزکردنی پڕۆژەی تەکنیکی و دارایی خۆی هەنگاو دەنێت وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزێکی نوێ کە تێیدا ئاواتەخوازە پێگەی خۆی لەسەر شانۆی ئەورووپا بەدەستبهێنێتەوە.
 
لە هەوڵێکدا بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکە و دەستەبەرکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ گرێبەستکردن لە داهاتوودا، کارگێڕیی یانەکە دەستیکردووە بەڕەچاوکردنی دەستەوارەی فرۆشتن بۆ هەندێک لە یاریزانە دیارەکانی تیپی یەکەم.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی، ژووری جلگۆڕینی بارسیلۆنا لەسەر هەڵوێستێکی روون و بێ دوودڵی رێککەوتوون، ئەویش فێرمین لۆپێز هێڵی سوورە و نابێت دەستبەرداری ببن، سەرەڕای ئەوەی هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە یانەکە دوو دەستەوارەی بە بەهای زیاتر لە 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ فرۆشتنی لۆپێز لە یانەکانی خولی ئینگلیزی و بۆندێسلیگاوە پێگەیشتووە، بەڵام خواستی یاریزانانی تیپی یەکەم بەکۆی دەنگ هێشتنەوەی ئەو یاریزانە لاوەیە لە ریزەکانی تیپەکەدا.
 
یاریزانە دیارەکانی یانەکە، لەوانە لامین یامال، پێدری، گاڤی و ئاراوخۆ، فێرمین وەک یاریزانێکی سەرەکی دەبینن و لەوەش گرنگتر بە بەشێکی دانەبڕاو لە پڕۆژەی وەرزشیی داهاتووی یانەکە دەبینن. 
 
یاریزانە ئەندەلووسییەکە وەرزی رابردوو بەهای خۆی سەلماند، ئەمەش بەهۆی گۆڵە سەرنجڕاکێشەکانی و هێزی جەستەیی سەرنجڕاکێش و کەسایەتییە بەهێزەکەی لە یاریگادا، کە وایکرد رێزی هاوڕێکانی و متمانەی هاندەرانی بەدەستبهێنێت.
 
لە بارسیلۆنا، فێرمین تەنیا وەک یاریزانێکی بەتوانا نابینرێت، بەڵکو وەک بەشێکی گرنگی ناسنامەی یانەکە و یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانی پیکهاتەکە سەیر دەکرێت، کە توانای ئەوەی هەیە لە گەورەترین رکابەرییەکاندا جیاوازی دروست بکات، بۆیە ئەو یاریزانانەی دەسەڵاتیان لەناو تیپەکەدا هەبوو، دەستپێشخەرییان کرد بۆ ئەوەی پەیامی روونی خۆیان بگەیێننە سەرۆک و کارگێڕیی یانەکە، کە بریتییە لەوەی "ناکرێت یاریزانێک لە لووتکەی درەوشاوەیی خۆیدا لەدەست بدرێت".
 
لامین یامال کە یەکێکە لە هاوڕێ نزیکەکانی فێرمین لە هەردوو ئاستی پیشەگەرانە و کەسیدا، لە چەند بۆنەیەکدا بەئاشکرا پشتگیریی خۆی بۆ بەردەوامبوونی ئەو یاریزانە دەربڕیوە. هەروەها پێدری و گاڤی کە لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنادا کاریگەرییان هەیە، خواستی خۆیان بۆ مانەوەی ئەو یاریزانە دووپاتکردووەتەوە.