ریال مەدرید ماڵئاوایی لە ئەستێرەیەکی کرد
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی، رۆیشتنی راول گۆنزالێس، راهێنەری تیپی کاستیا مەدریدی راگەیاند.
یانەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "یانەی ریال مەدرید رایدەگەیێنێت، راول گۆنزالێس بە یانەکەی گوتووە، بڕیاری خۆیدا داوە بۆ ئەوەی وەکو راهێنەری تیپی کاستیا مەدرید بەردەوام نەبێت."
یانەکە لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "سەرچاوەی شانازی بوویت بۆ ریال مەدرید و وەکو یەکێک لە ئەفسانە گەورەکان لە مێژووی یانەکەدا و تۆپی پێی جیهان دەمێنیتەوە، وەکو راهێنەری تیپەکە و سەرکردایەتیکردنی تیپی لاوانیش."
راول گۆنزالێس، بەشێوەیەکی تەواو نوێنەرایەتیی هەموو بەهاکانی ریال مەدریدی کردووە، لە وەرزی 2018-2019 بەڕێوەبەرایەتیی تیپەکانی Cadet B وJuvenil B کرد و لەو کاتەوە بووە راهێنەری تیپی کاستیا و پاشان لەگەڵ تیپەکان بوونە پاڵەوانی خولی لاوان.
ریال مەدرید لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "راول هەمیشە لە دڵی هەموو هاندەرانی ریال مەدریددا دەمێنێتەوە و هەمیشە ریال مەدرید ماڵی ئەو دەبێت."
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا یانەی شاهانە نووسیوویەتی "ریال مەدرید هیوادارە راول گۆنزالێس و ماڵباتەکەی لە قۆناخی نوێی ژیانیاندا سەرکەوتوو بن."
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید بیر لەوە دەکاتەوە، ئەلڤارۆ ئەربێلوا، وەکو راهێنەری نوێی تیپی کاستیا مەدرید دەستنیشانبکات.