مووچەی یامال لە گرێبەستە نوێیەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا ئاشکرابوو
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئیسپانی، وردەکاریی مووچەی لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا، بەپێی گرێبەستە نوێیەکەی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە ئاشکراکرد.
بەپێی راپۆرتێکی بەرنامەی ئێل چیرینگویتۆی ئیسپانی، یامال مووچەی ساڵانەی 8 ملیۆن یۆرۆ بەبێ باج وەردەگرێت، لەگەڵ زیادکردنی ساڵانەی دوو ملیۆن یۆرۆ تاوەکو گرێبەستەکە لە هاوینی 2031 کۆتایی دێت.
واتا هەر ساڵێک دوو ملیۆن یۆرۆ لە مووچەکەی زیاددەکرێت تاوەکو لەساڵی 2031 دەبێتە 20 ملیۆن یۆرۆی بێ باج.
چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی دیکە، دووپاتی دەکەنەوە کە یامالی تەمەن 17 ساڵ لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و ئەگەر هەیە ئەمڕۆ بەفەرمی گرێبەستە نوێیەکەی واژۆ بکات.
گرێبەستی ئێستای لامین یامال لەگەڵ تیپەکەی تاوەکو هاوینی 2026 درێژ دەبێتەوە، بەڵام یانەکە چاوەڕێی ئەوەبوو تاوەکو ئەو یاریزانە تەمەنی دەگاتە 18 ساڵ بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی یاسایی گرێبەستە نوێیەکەی واژۆ بکات.
لامین یامال بە یەکێک لە بەهرەمەندە دیارەکانی تۆپی پێی جیهان دادەنرێت، لەم وەرزەدا لەگەڵ بارسیلۆنا ئاستێکی سەسوڕهێنەری پێشکەش کردووە، لە 55 یارییدا بەشداریکردووە لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا، 18 گۆڵی تۆمارکردووە و 25 ئەسیستیشی هەیە.
ئەم گرێبەستە نوێیە گوزارشتە لە متمانەی بارسێلۆنا بە تواناکانی یامال، کە پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە سەرکردەی یانەکە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە چەند یانەیەکی گەورەی ئەورووپا گرنگی پێدەدەن.