ڤیدیۆ؛ چیرۆكی راسته‌قینه‌ی ئه‌م وێنه‌یه
كاتێك ئه‌م وێنه‌یه ده‌ركه‌وت بووه جێگه‌ی بایه‌خ و باسی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشاندا زۆربه‌ی خه‌ڵك بڕوایان به‌وه نه‌ده‌كرد كه یاریزانه باڵابه‌رزه‌كه ته‌مه‌نی ته‌نیا 12 ساڵان بێت. هه‌ندێكیش ده‌یانگوت "ئه‌گه‌ر ئه‌وه راستیشبێت ئه‌وا ساخته‌كاری كراوه له ته‌مه‌نی ئه‌و یاریزانه‌دا".
ئه‌و ئیبراهیما سۆی یاریزانی سه‌نیگالی تیپی به‌چكه‌شێرانی ژێر ته‌مه‌ن 12 ساڵانی یانه‌ی سێڤییای ئیسپانییه، له‌و دیمه‌نه‌شدا قاچی له‌سه‌ر قاچی یاریزانێكی به‌چكه‌شێرانی ژێر ته‌مه‌ن 12 ساڵانی ڤیاڕیال داناوه، له یارییه‌كی نێوان ئه‌و دوو یانه‌یه له خولی ئیسپانیادا.
ئیبراهیما، به‌و ئاسته به‌رزه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یدا پێشكه‌شی ده‌كات، یاریزانێكی زۆر خێرا و به‌هێزه. هه‌مووانی سه‌رسام كردووه، ئه‌و كاپتنی سێڤییایه و له هێڵی هێرشبردن یاری ده‌كات، له‌م وه‌رزه‌دا تاوه‌كو ئێستا 29 گۆڵی بۆ سێڤییا تۆماركردووه.
له كۆتایی وه‌رزی رابردوودا له مه‌له‌گه‌وه په‌یوه‌ندی به سێڤییا كرد، ئه‌و كه 175 سانتیمه‌تر درێژه، شانازی به‌وه ده‌كات كه هاوڕێیانی به ئیبرا ناوی ده‌به‌ن، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ زڵ‌اتان ئیبراهیمۆڤیچی ئه‌ستێره‌ی سوێدی.
هه‌ندێكیش گومان له‌وه ده‌كه‌ن ته‌مه‌نی ئه‌و یاریزانه ساخته‌كاری تێدا كرابێت، به‌تایبه‌تیش كه له ئه‌فریقا زۆرجار ئه‌و ساخته‌كاریانه ده‌كرێن، به‌ڵام یانه‌ی سێڤییا وه‌ڵامی ئه‌و گومانانه‌ی دایه‌وه و رایگه‌یاند "ئه‌وه ته‌مه‌نی راسته‌قینه‌ی ئیبراهیما سۆیه و به‌ڵگه‌نامه‌كان راستییه‌كه ده‌سه‌لمێنن".