تێڤێز لەبەر قوربانیانی کۆرۆنا گرێبەستەکەی نوێ دەکاتەوە

رووداو - هەولێر

کارلۆس تێڤێز، یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی بۆکاجۆنیۆرز، دووپاتیکردەوە کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێ دەکاتەوە و بەو پارەیەی وەریدەگرێت یارمەتی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات.

کارلۆس تێڤێز، کە لە 30ـی ئەم مانگەدا ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بۆکاجۆنیۆرز کۆتاییدێت، رایگەیاند گرێبەستەکەی نوێ دەکاتەوە و بەلای کەمەوە تاوەکو 5 مانگی دیکە لەگەڵ یانەکەی دەمێنێتەوە و گوتی "بەلای کەمەوە ماوەی گرێبەستەکەم تاوەکو کانوونی یەکەمی داهاتوو لەگەڵ یانەی بۆکاجۆنیۆرز درێژدەکەمەوە".

ئەو یاریزانە ئەرجەنتینییە، کە پێشتر بۆ یانەکانی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی و یوڤێنتوسی ئیتاڵی یاریکردووە، هەروەها گوتی "ئەو مووچەیەم کە بەپێی گرێبەستە نوێیەکەم وەریدەگرم بەوانە دەبەخشم کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانیان پێگەیشتووە".

کارلۆس تێڤێز، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "هەموو ئەو مووچەیەی لەمەودوا وەریدەگرم بەوانە دەدەم کە پێویستییان بە چارەسەرییە، دەدەمە گەڕەکە هەژارەکان، پارەم ناوێت، دەمەوێ بۆ خەڵکی بێت، دەیدەمە دەست رێکخراوێکی خێرخوازی کە ئامانجی قازانجکردن نەبێت".

ئەو یاریزانە تەمەن 36 ساڵانەیە، هەروەها گوتیشی "من و خێزانەکەم بڕیارمانداوە هەموو پارەی گرێبەستەکەم لەگەڵ بۆکاجۆنیۆرز ببەخشین، ئینجا دواتر بیر لە بارودۆخی خۆم دەکەمەوە، هەستدەکەم هەموو شتێک باشە، هیوادەخوازم جارێکی دیکە بەشداری لە جامی لیبرتادۆرێسدا بکەمەوە".