شەش یاریزانی ریال مەدرید داوای رۆیشتنی دەستبەجێی ڤینیسیۆس لە یانەکە دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

شەش ئەستێرەی ریال مەدرید داوا لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەیان دەکەن دەستبەجێ ئەستێرە مشتومڕهێنەرەکەی نێو ژووری جلگۆڕینی یانەکە دەربکات!
 
کەشێکی پڕ لە بارگرژی باڵی بەسەر ریال مەدریددا کێشاوە سەبارەت بە داهاتووی یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی و پرسیارێکی گەورە لەسەر ئەگەری مانەوەی لە یانە شاهانەکەدا دروست بووە. 
 
ئەو ئەستێرەیە ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەرازیلییە کە گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەناکاو وەستاون، بەهۆی داواکارییە بێپێشینەکانی یاریزانەکەوە کە هەوڵ دەدات ببێتە خاوەنی بەرزترین مووچە لە تیپەکەدا و تەنانەت لە ئەستێرە گەورەکانی جیهانی تۆپی پێش تێپەڕێنێت.
 
بابەتەکە تەنیا لایەنی دارایی نییە، بەڵکو لەوە زیاتر رۆیشتووە و بارگرژییەکی بەرچاویشی لەنێو ژووری جلگۆڕینی ریال مەدریددا دروست کردووە، چونکە کەسایەتییە دیارەکانی تیپەکە دەستیان کردووە بە دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە رەفتارەکانی ڤینی، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەشی تیپەکە و رۆحییەتی بەکۆمەڵی دروست کردووە. 
 
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکەوە ئاشکرایان کردووە کە چەند یاریزانێکی سەرەکی، لەوانە ڤالڤێردی، تیبۆ کۆرتوا و کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ سێ یاریزانی دیکە کە ناویان یەکلایی نەکراوەتەوە، بێزاریی خۆیان لە رەفتارە دووبارەکانی ڤینیسیۆس دەربڕیوە کە کەشێکی نەرێنی لەنێو تیپەکەدا دروست دەکات. 
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم هەڵوێستانە بوونەتە هۆی نیگەرانیی فلۆرنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە، کە داوای زۆری لێکراوە تاوەکو لە داهاتووی هێرشبەرەر بەرازیلییەکە بکۆڵێتەوە.
 
لەم چوارچێوەیەدا، ئیدی کارگێڕیی ریال مەدرید ئەگەری رۆیشتنی ڤینیسیۆس لە ماوەی داهاتوودا بەدوور نازانێت، بەتایبەت دوای وەستانی گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و بەرزبوونەوەی داواکارییە دارایی و وەرزشییەکانی. 
 
یانەکە بەجددی بیر لە فرۆشتنی یاریزانەکە دەکاتەوە، جا لە گواستنەوەی هاوینە بێت یان وەرزی داهاتوو، بۆ ئەوەی خۆی لە لەدەستدانی بەخۆڕایی بپارێزێت کاتێک گرێبەستەکەی لە ساڵی 2027 کۆتایی دێت و سوود لە فرۆشتنێکی ئەگەری وەربگرێت کە پارەیەکی زۆری بۆ دەگەڕێنێتەوە و پشتگیری لە پلانەکانی بەهێزکردنی پێکهاتەکە دەکات.
 
ئەو بڕیارەی کە چاوەڕێی ریال مەدرید دەکات، لەوانەیە تایبەتمەندییەکانی قۆناخی داهاتووی تیپەکە دیاری بکات، کە پێویستە هاوسەنگییەک لەنێوان پاراستنی سەقامگیریی ژووری جلگۆڕین و پاراستنی هێزی هێڵی هێرشبردن بەسەرکردایەتیی ڤینیسیۆس یان جێگرەوە ئەگەرییەکەیدا رابگیرێت. 
 
پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا یانەکە لە کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکەدا سەرکەوتوو دەبێت؟ یان ماڵئاوایی ڤینیسیۆس دەبێتە سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی یانەکەدا؟!.