ڤیدیۆ؛ جەلال پەرێشان بۆ رووداو: هەڵبژاردنی یانەی هەولێر یاسایی نییە

رووداو دیجیتاڵ

 

جەلال پەرێشان، کەسایەتی دیاری وەرزش و ئەندامی پێشووی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر، لەبارەی دۆخی خراپی ئێستای یانەی پایتەخت، میوانی بووڵتەنی وەرزشیی تۆڕی میدیای رووداو بوو، راشکاوانە باسی لە هۆکارەکانی ئەو دۆخە و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی یانەی هەولێر کرد و دانی بەوەدا نا کە کڕین و فرۆشتن لە هەڵبژاردەنەکانی یانەکەدا هەبووە و گوتی "هەیە بە دوو شیش کەباب دەنگی داوە".
 
جەلال پەرێشان کە سووربوو لەسەر ئەوەی تەنیا وەک جەلال پەرێشان بناسێنرێت، ئاماژەی بەوە کرد کە هەر لە سەرەتاوە ئومێدی بەو هەڵبژاردنەوەی یانەی هەولێر نەبووە و گوتی "باوەڕم بە هەڵبژاردن نییە".
 
پەرێشان زیاتر گوتی "هێشتا لە دەرەوەی هۆڵی هەڵبژاردن بووم دەمزانی سەرناگرێت، چونکە دەنگەکان بە نا‌هەق دەدرێن. یاریزان هەیە دوو ساڵە هاتووەتە یانەکە، دوو سەد یان پێنچ سەد دۆلاری پێدەدرێت دەنگی پێدەدات، من نیمە دەنگم پێنادات".
 
هەروەها گوتی "نەفەر هەیە بە دوو شیش کەباب دەنگی داوە".
 
جەلال پەرێشان راشکاوانەتر گوتی "دەستەی هەڵبژێردراوی ئەمجارەی یانەی هەولێر یاسایی نییە، هەر لە سەرەتاوە ئومێدم بەو هەڵبژاردنە نەبوو".
 
جەلال پەرێشان جەختی لەوە کردەوە کە خۆی دڵسۆزترین کەسی یانەی هەولێرە و گوتی "کەس لە خۆم بە خەمخۆرتر و دڵسۆزتر بۆ یانەی هەولێر نازانم، من یانەی هەولێرم لە دایکی خۆم خۆشتر دەوێت".
 
ئەو ئەندامەی پێشووی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر، دوووپاتیشیکردەوە کە چارەسەری ئەو یانەیە بەوە دەکرێت، کە یانەکە بدرێتە دەست چەند یاریزانێکی دێرینی ئەو یانەیە لەگەڵ چەند بزنسمانێکی مەرد و دڵسۆزی ئەم شارە و گوتی "کەسە دیار و یاریزانە بەنێوبانگەکانی یانەکە بهێڵنەوە لەگەڵ بزنسمانە بەڕێزەکانی ئەم شارە کە دڵسۆزن بۆ شارەکە و یانەکە. ئەوان دەتوانن چارەسەری بکەن".
 
سەبارەت بە گریانی بەر لە چەند رۆژێکی یاریزان شێرکۆ کەریم، کە دوای رۆیشتنی لە یانەی هەلێر گریا، جەلال پەرێشان گوتی "ئەو گریانەی شێرکۆ لە شیری دایکی حەڵاڵتر بوو، ئەو دڵسۆزی یانەکە بوو".
 
هەروەها گوتی "کە دەسەڵاتم نەبێت چاکی بکەم دەگریێم بۆ یانەکەم".
 
جەلال پەرێشان، لە بەشێکی قسەکانیدا، دووپاتیکردەوە کە زۆر کەس تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان دێنە نێو یانە و گوتی "بەداخەوە هەندێک کەس تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان دێنە نێو یانەی هەولێر".
 
پەرێشان کە پەرلەمانتاری پێشووی کوردستانە، کاری بێژەری وەرزشیش دەکات، جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەیە هەموو شتێک لەپێناو هاندەرانی یانەی هەولێر بکات و گوتی "هەموو ژیانی خۆم بەقوربانی یەک هاندەری یانەی هەولێر دەکەم".
 
میوانی رووداو لە کۆتاییدا رەخنەی تووندی لە لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراقیش گرت، کە بەقسەی خۆی ئەو لیژنەیە هێشتا بەیاسایەکی سەردەمی عودەی کوڕی سەددام حوسێن کاردەکات.