ڤیدیۆ؛ تیپەکەی بەیڵ بە ئەنجامێکی گەورە دۆڕا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئوستن ئێف سی کۆتایی بە سەرکێشییەکانی یانەی لۆس ئانجلێس ئێف سی هێنا و بە ئەنجامێکی گەورە لێیبردەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 27ـی خولی ئەمریکادا، یانەی ئوستنی دووەمی ریزبەندی خولەکە لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی لۆس ئانجلێس ئێف سیی کرد و یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لێبردەوە.
 
لە خولەکی 32 دیێگۆ فاگێندز گۆڵی یەکەمی بەلێدانێکی راستەوخۆی جوان بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بەو گۆڵە کۆتاییهات.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی نیوەی دووەم ماکسیمیلیانۆ ئوروتی گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، پاشان هەمان یاریزان لە خولەکی 51 گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی خاوەن یاریگەی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 59 سێباستیان دریوسی یانەکەی کردە خاوەنی چوار گۆڵ.
 
هەرچەند کریستیان ئارانگۆ گۆڵێکی بۆ لوس ئانجلێس ئێف سی تۆمارکرد، بەڵام بێ سوود بوو و گارێس بەیڵ و هاوڕێکانی بۆ دووەم یاریی لەسەریەک دۆڕان، لەکاتێکدا بەر لەم دوو یارییە 7 یارییان لەسەریەک بردبووە.
 
لەگەڵ ئەم دۆڕانەوەش لۆس ئانجلێس ئێف سی بە 57 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی بەشی رۆژئاوای خولەکەدان و یانەی ئوستنیش بە 51 خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندی گرتووە.