سیلیساو دێتە ئاسیا و بەدوای هەڵبژاردەی بەهێزدا دەگەڕێت


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل ئاشکرایکرد، هەڵبژاردەی وڵاتەکە دوو یاریی دۆستانە لە مانگی دەی ئەمساڵدا بەرامبەر هەریەکە لە کۆریای باشوور و ژاپۆن ئەنجامدەدات، وەک ئامادەسازیی بۆ مۆندیالی 2026 کە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک میوانداریی دەکەن.
 
بەرازیلی پێنج جار پاڵەوانی جیهان، رۆژی 10/10 بەرامبەر کۆریای باشوور یارییدەکات لە سیئۆل و لە رۆژی 10/14 لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە دەبێتەوە.
 
هەڵبژاردەی سیلیساو سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی داهاتوو مسۆگەرکردووە، بەرلەوەی لە دوایین دوو یاریی پاڵاوتنەکان، بەرامبەر چیلی و بۆلیڤیا یاریی بکات.
 
رۆدریگۆ کایتانۆ، رێکخەری فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل رایگەیاندووە، یارییە دۆستانەکان لەکاتێکدان کە تیپەکەی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەر، هەوڵدەدات رووبەڕووی هەڵبژاردەی جیاواز لە کیشوەرە جیاوازەکان ببێتەوە، بەرلەوەی روو لە مۆندیالی داهاتوو بکات.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "دوای یاریی بەرامبەر کۆریای باشوور و ژاپۆن، هەڵبژاردەکە پلانی هەیە بۆ یارییکردن بەرامبەر هەڵبژاردەکانی ئەفریقیا لە مانگی 11دا. هەروەها هەڵبژاردەی بەهێزی ئەورووپا لە مانگەکانی سێ و شەشی ساڵی داهاتوو.
 
رێکخەرەکە زیاتر دەڵێ، "دەزانین کە رووبەڕووبوونەوەی شێوازی جیاوازی یارییکردن لەسەرانسەری جیهاندا ئەزموونی زۆرمان دەداتێ و هاوکارمان دەبێت بۆ ئەو ئاڵنگارییانەی دەکرێ لە جامی جیهانیدا رووبەڕووی ببینەوە".
 
لای خۆیەوە، کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل هیوای خواستووە یارییەکان هاوکاری بن لە تێگەیشتن لە سرووشتی یاریزانەکانی و کەسایەتییان بەشێوەیەکی باشتر، بەرلەوەی مۆندیالی داهاتوو دەستپێبکات کە 48 هەڵبژاردە بەشداریی تێدا دەکەن.