هەواڵێکی خۆش گەیشتە هاندەرانی بارسێلۆنا
رووداو دیجیتاڵ
بارسیلۆنا بە دانانی دوو مەرج بۆ چێڵسی، بەربەست دەخاتە بەردەم فرۆشتنی فێرمین لۆپێزی یاریزانی گەنجی یانەکەی، کە یانە لەندەنییەکە سوورە لەسەر گواستنەوەی بۆ ریزەکانی.
بارسێلۆنا بڕیاری خۆی لەسەر داهاتووی ئەستێرە گەنجەکەی، فیرمین لۆپێزی تەمەن 22 ساڵ یەکلاکردەوە، بەهۆی ئارەزووی زۆری چێڵسی بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی لەم گواستنەوەی هاوینەدا.
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە رەزامەندی نادات لەسەر کردنەوەی دەرگای گفتوگۆکان تاوەکو دوو مەرج پێکەوە نەهێنێتەدی، یەکەمیان ئەوەیە یاریزانەکە داوای رۆیشتن بکات و دووەمیشیان گەیشتنی دەستەوارەیەکی دارایی گەورەیە، کە گونجاو بێت لەگەڵ نرخی بەرز و گواستنەوەکانی پرێمەرلیگ.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەداوە کە بارسێلۆنا 70 ملیۆن یۆرۆی وەک نرخی سەرەتایی بۆ دەستبەرداربوون لە یاریزانەکەی دیاریکردووە، ئەم ژمارەیە لەلایەن بەرپرسانی شاری وەرزشی خوان گامپەرەوە باسکراوە، لەکاتێکدا هەواڵی زیاتر هەیە لەسەر چاودێریکردنی یاریزانەکە لەلایەن چێڵسییەوە.
سەرەڕای مشتومڕەکان، ئارامی باڵی بەسەر یانە کەتەلۆنییەکەدا کێشاوە، چونکە هیچ پێشنیازێکی فەرمی تاوەکو ئێستا وەرنەگیراوە، هەروەها فێرمین هێشتا یاریزانێکی سەرەکییە لە پڕۆژەی داهاتووی بارسێلۆنادا دوای ئەوەی وەرزی رابردوو بەشداری کرد لە بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا.
لە بەرامبەردا چێڵسی بەردەوامە لە چالاکییە بەهێزەکانی لە بازاڕی گواستنەوەدا، کە تاوەکو ئێستا نزیکەی 280 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ 18 یاریزان لە بەرامبەر رۆیشتنی 23 یاریزان.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرای دەکەن کە کارگێڕیی بلوز مۆڵەتێکی 48 کاژێری بە فێرمین داوە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵوێستی، پێش ئەوەی دەستەوارەیەکی فەرمی پێشکێش بکەن کە لەوانەیە بەرزترین بێت لە بازاڕی گواستنەوەدا بۆ رازیکردنی بارسێلۆنا بە دەستبەرداربوون لە گەوهەرەکەی.