نیاز محەممەد باسی کەسایەتی باسم قاسمی راهێنەری یانەی هەولێر دەکات

رووداو هەولێر 

 

نیاز محەممەد، بەرگریکاری یانەی هەولێر پەسنی باسم قاسمی راهێنەری نوێی یانەکەیان و شێوازی مەشقەکانی دەدات و دەڵێت "دڵنیام دەتوانین بەسەرکردایەتی باسم قاسم ئەنجامی دڵخۆشکەر بەدەستبێنین".
 
یانەی هەولێر شازدە رۆژە لەژێر سەرپەرشتی باسم قاسم راهێنان دەکات و شێوازی مەشقەکانی بووەتە جێگەی سەرنجی هەموو یاریزانەکان.
 
وەرزی ئەمساڵ یانەی هەولێر ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکەی دایە باسم قاسم، کە راهێنەرێکی ناسراوی عێراقییە و بەهۆی بەهێزی کەسایەتی و کاریزماکەی بە 'جەنەراڵ' ناسراوە و ئەو ستافێکی یاریدەدەرانی بەتواناشی لەگەڵدایە. 
 
دەستەی راهێنەرانی یانەی هەولێر بریتیین لە باسم قاسم، راهێنەری یەکەم. رەحیم حەمید و ئەحمەد باسم یاریدەدەری راهێنەر، هاشم خەمیس راهێنەری گۆڵپارێزان و نەسیر عەبدولئەمیر راهێنەری لێهاتوویی جەستەیی. 
 
نیاز محەممەد، بەرگریکاری یانەی هەولێر، لەبارەی رەوشی یانەکە و شێوازی بەڕێوەچوونی مەشقەکانیان قسەی بۆ رووداو سپۆرتس کرد و گوتی "ئێمە زۆر سەرسامین بە کارەکانی باسم قاسم، راهێنەرێکە کەسایەتیەکی بەهێز و کاریزمای هەیە لەنێو گۆڕەپاندا. خاڵێکی سەرنجڕاکێشتری ئەوەیە کە زۆر پابەندە بە کات و کارەکەی و رژدە لەسەر ئەو لایەنە، بەڵام زۆریشمان خۆشدەوێت بەهۆی پێدانی خۆشەویستی و رێزێکی زۆر بە هەموو یاریزانەکان".
 
یانەی هەولێر راهێنانی تیپی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بەشێوەیەکی داخراو هێشتووەتەوە، هێشتا میدیا و دەزگاکانی راگەیاندن نەیانتوانیوە دیمەنی راهێنانەکان بۆ وەرزی نوێ وەربگرن، تەنانەت هەموو جۆرە لێدوانێک قەدەخە کراوە.
 
ئەو یاریزانە کوردەی یانەی پایتەخت باسی لایەنێکی دیکەی ئەرێنیی ستافی راهێنەرانی یانەی هەولێری کرد و گوتی "خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە زۆر بایەخ بە لێهاتوویی جەستەمان دەدەن و ئاگاداری تەندروستی تیپەکەن، بەبەڵگەی ئەوەی هیچ یاریزانێک تووشی پێکان نەبووە، دڵنیام یاریزانە پیشەگەرەکانمان ئاستیان بەرزبێت دەتوانین بەسەرکردایەتی باسم قاسم ئەنجامی دڵخۆشکەرمان هەبێت". 
 
یانەی هەولێر تاوەکو ئێستا 3 یاریزانی پیشەگەری هێناوەتە ریزەکانی کە بریتیین لە  هاروون زوبەیدی یەمەنی، شێرزوود تەمیرۆڤی ئۆزبەکستانی، ندوکا جۆنیۆری یاریزانی هەڵبژاردەی نایجیریا. هەروەها یانەی هەولێر نزیکبوو بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەست لەگەڵ دامیۆن لۆی یاریزانی جامایکی واژۆ بکات، بەڵام یاریزانەکە لە گرێبەستکردن لەگەڵ هەولێر پەشیمانبووەوە، لەبەرئەوەی پاسپۆرتی ئەمریکی هەیە و ئامادەنەبوو لە عێراق یاری بکات.
 
لەسەر ئاستی ناوخۆش یانەی هەولێر گرێبەستەکانی بەمشێوەیە: سەرهەنگ موحسین، عەلی شاخەوان، ژیار گۆڤەند، زولفەقار یونس، عەلا رەعد، کۆمەیل سەعید، محەممەد حەسەن، هومام تاریق، ئەحمەد زێڕۆ، سەفین مەنسوور، گەیلان لوقمان، عومەر جەنگی، نیاز محەممەد، مستەفا قابیل، ئەرکان ئەمیر، هەڵگورد قەیس. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، باسم قاسمی راهێنەری یانەی هەولێر چاودێری ئاستی ژمارەیەک یاریزانی تیپی لاوانی یانەکە دەکات و دوای تاقیکردنەوەیان باشترینەکانی بۆ تیپەکەی هەڵدەبژێرێت.
 
باسم قاسم، لەدایکبووی 1963ـی شاری شاری بەغدایە، یەکێک بووە لەو ئەستێرانەی هەڵبژاردەی عێراق کە لە 1986 بەشداری مۆندیالی مەکسیکی کردووە، لەگەڵ یانەی دهۆک و جەوییە نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بردووەتەوە و راهێنەری هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق و ژمارەیەک یانەی دیکەی عێراق بووە. 
 
باسم قاسم، لە دوای هاتنی بۆ یانەی هەولێر تەنیا قسەی بۆ رووداو کردووە و گوتی "هاتووم بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باش بۆ یانەی هەولێر بەدەستبهێنم و تیپەکە بەهاوکاری دەستەی کارگێڕیی یانەکەمان بگەڕێنینەوە سەر رێچکەی راستەقینەی خۆی". 
 
یانەی هەولێر خاوەن 4 نازناوی خولی عێراقە و وەرزی رابردوو تیپەکە بەکۆکردنەوەی 50 خاڵ لە پلەی دوانزدەمی ریزبەندی هات.