لە ریتیگێوە بۆ نونیێز، خولی سعودیە رووخساری تۆپی پێی جیهان دەگۆڕێت

رووداو دیجیتاڵ
 
خولی سعودی خەریکە دەچێتە قۆناخێکی دیکەوە، لە گواستنەوەی یاریزانی گەورە و ناسراوەوە، کە چاوی  ملیۆنان بینەریان بۆ خولەکە راکێشا، بەرەو گواستنەوەی چەند ئەستێرەیەکی لاو، کە رەنگدانەوەی "دیدگەی سعودیە 2030" دەخاتەڕوو.
 
وەک میدیای فەرەنسا دەیخاتەڕوو، پێشتر یاریزانی لاوی وەکو ناسان زیزی، یاریزانی نانت، سایمۆن بۆبرێ، یاریزانی مۆناکۆ، و ئامادۆ کۆنێ، یاریزانی ریم، بەشێوەیەکی ئاسایی دەچوونە یانەکانی وەکو مارسیلیا و لیۆن، بۆئەوەی لە چامپیۆنزلیگ یاریبکەن، بەڵام ئەوەی سەیرە، ئەو سێ یاریزانە فەرەنسییە خوار 20 ساڵانە، بڕیاریاندا روو لە یانەی نیۆم بکەن، کە ئەم وەرزە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، لە خولی رۆشەنی سعودی یاریدەکات.
 
ئەم گۆڕانکارییە لە هاوینەکانی 2023 و 2024 دەستیپێکرد، کاتێک یانەکانی سعودیە، هەموو جیهانیان شۆککرد و بوونە هێزێکی گەورەی بازاڕی گواستنەوەکان، کاتێک توانییان چەند ئەستێرەیەکی گەورەی جیهانی، وەکو کریستیانۆ رۆناڵدۆ، نەیمار، بێنزیما، کانتێ و زۆری دیکە، ببەنە ریزەکانیان.
 
دواتر، ئەو ستراتیژە گۆڕا، دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، بڕیاریدا رێگە بدات بەوەی یانەکان 8 یاریزانی پیشەگەر ببەنە ریزەکانیان و بتوانن 2 یاریزانی دیکەی پیشەگەریش زیاد بکەن، ئەگەر تەمەنیان خوار 21 ساڵ بێت، ئەوەش لیستی پیشەگەرەکانی یانەکان بۆ 10 یاریزانی زیاد دەکات، ئەو وردەکارییە بچووکە وایکرد، یانەکانی سعودییە تێکەڵەیەک لە یاریزانی لاوی بەهرەدار و ئەستێرەی گەورەی بەئەزموون کۆبکەنەوە.
 
هیلال، ئەهلی، ئیتیحاد، نەسڕ، نیۆم و قادسیە، توانایەکی دارایی زۆر بەهێزیان هەیە و توانیویانە گواستنەوەی گەورە ئەنجامبدەن، نزیکترین نموونە، ئینزۆ میلۆی فەرەنسی، کە تەمەنی 23 ساڵە و پێشئەوەی رووبکاتە ئەهلی، زۆر نزیک بوو لەوەی ببێتە یاریزانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەڵام لە کۆتاییدا، میلۆ بڕیاریدا لە خولی سعودیە یاریبکات.
 
کاریگەریی سعودییەکان لەسەر بازاڕی گواستنەوەکان زۆر بەڕوونی دەرکەوتووە، بۆ نموونە، لە ساڵی 2023، خەرجییەکانی پرێمەرلیگ 1.3 ملیار یۆرۆ بوو و ئەوەش بەرزترین بوو لە جیهان، لە دوای ئەوەوە خولی سعودی دووەم زۆرترین خەرجی هەبوو بە 897 ملیۆن یۆرۆ.
 
ساڵی 2024، پرێمەرلیگ بە خەرجکردنی 1.063 ملیار یۆرۆ، دووبارە زۆرترین خەرجی هەبوو لە جیهان، دووبارە خولی سعودی، بە خەرجکردنی 516 ملیۆن یۆرۆ، دووەم زۆرترین خەرجیی هەبوو لە جیهاندا.
 
ساڵی 2025، پرێمەرلیگ جارێکی دیکە، یەکەمی جیهان بوو و 1.189 ملیار دۆلاری خەرجکردبوو، لەدوای ئەوەوە خولی سعودیە، بە خەرجکردنی 315 ملیۆن یۆرۆ، دووەم زۆرترین خەرجی هەبوو لە جیهان.
 
ئەم ژمارانە ئەوە دەردەخەن کە خولی سعودی، دووەم بەرزترین توانای کڕینی یاریزانی هەیە لە سەرجەم خولەکانی جیهاندا.
 
سەبارەت بە هاوینی 2025، هێرشبەری ئیتاڵیی و گۆڵکاری سێریا ئا، ماتیۆ ریتیگێ، بە 68 ملیۆن یۆرۆ روویکردە یانەی قادسیە، داروین نونێزی ئۆروگواییش لە لیڤەرپوولەوە بە 53 ملیۆن یۆرۆ روویکردە هیلال، جواو فێلیکسی پۆرتوگالی بە 30 ملیۆن یۆرۆ روویکردە یانەی نەسڕ، ئینزۆ میلۆی فەرەنسی بە 28 ملیۆن یۆرۆ روویکردە یانەی ئەهلی، تیۆ هێرناندێز بە 25 ملیۆن یۆرۆ بووە یاریزانی هیلال و کینگسلی کۆمانیش بە هەمان نرخ روویکردە یانەی نەسڕ.
 
دیارترینی ئەو یاریزانانەی خولی سعودییان جێهێشت ئەم وەرزە، گابری ڤیێگای ئیسپانی، بە 15 ملیۆن یۆرۆ بووە یاریزانی یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی، ئالان ساینت ماکسیمین بە 10 ملیۆن یۆرۆ روویکردە یانەی ئەمریکای مەکسیکی و رۆبێرتۆ فێرمینۆ بە 7 ملیۆن یۆرۆ بووە یاریزانی سەدی قەتەری.
 
لەڕووی وڵاتینامەوە، یانەکانی خولی سعودی لە ساڵی 2023، زۆرترین گواستنەوەیان یاریزانی بەرازیلی بوو، ئەوان 7 یاریزانی بەرازیلییان گواستبووەوە، دوای ئەوە سەنیگال، مەغریب، فەرەنسا و ئیسپانیا بە 4 یاریزان بۆ هەریەکێکیان.
 
 لە ساڵی 2024، 6 یاریزانی فەرەنسی روویانکردە خولی سعودی و ئەوەش زۆرترین بوو، هەریەکە لە ئۆروگوای، ئیسپانیا و پۆرتوگال، 3 یاریزانیان روویان کردبووە خولی سعودی.
 
ساڵی 2025، فەرەنسا دووبارە لە پلەی یەکەمی زۆرترین گواستنەوەکان بوو بۆ خولی سعودیە بە 6 یاریزان، دوای ئەو یاریزانە ئیسپانییەکان دووەم زۆرترین بوون بە 3 یاریزان.
 
لەڕووی ئەو خولانەی زۆرترین یاریزانیان روویان کردووەتە خولی سعودیە، ساڵی 2023، کۆی 12 یاریزان لە پرێمەرلیگەوە روویانکردە ئەو خولە، 11 یاریزان لە خولی ئیسپانییەوە، 9 یاریزان لە خولی ئیتاڵییەوە و 8 یاریزان لە خولی فەرەنسییەوە چوونە سعودیە.
 
لە ساڵی 2024، هەریەکە لە خولەکانی پرێمەرلیگ، تورکیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا، 6 یاریزانیان فرۆشتبووە یانەکانی خولی سعودییە، لە دوای ئەوانیشەوە خولی فەرەنسی، 4 یاریزانی روویانکردبووە ئەو خولە.
 
لە ساڵی 2025، خولی فەرەنسا، زۆرترین یاریزانی روویانکردبووە خولی سعودی و ژمارەیان 8 یاریزان بوو، دوای ئەو خولی تورکی دەهات بە گواستنەوەی 5 یاریزان و دوای ئەو، خولی ئیتاڵی بە گواستنەوەی 4 یاریزان.
 
لەڕووی تەمەن و ژمارەی ئەو یاریزانانەی لە خولەکانی ئەورووپاوە روویانکردووەتە خولی سعودیە، لە ساڵی 2023، کۆی 58 یاریزانی نوێ روویانکردبووە ئەو خولە و تێکڕای تەمەنیان 29 ساڵ و 202 رۆژ بوو، ئەو ژمارانە لە ساڵی 2024 گۆڕان بۆ 37 یاریزان بە تێکڕای تەمەنی 28 ساڵ و 47 رۆژ، دوای ئەوەش لە ساڵی 2025 بووە 27 یاریزان بە تێکڕای تەمەنی 28 ساڵ و 159 رۆژ.
 
ئەم ژمارانە ئەوە دەردەخەن کە خولەکە، یاریزانی کەمتر لە خولەکانی ئەورووپا دەگوازێتەوە، لە هەمان کاتدا هەوڵدەدەن زیاتر یاریزانی لاو ببەنە خولەکەیان.
 
ئەو ئامارە رووی راستی پڕۆژەی خولی سعودی دەردەخەن و پێمان دەڵێن، خولی سعودیە ئیدی، هێزێکی گەورەی داراییە لە جیهانی وەرزشدا و نابێت هەرگیز پشتگوێ بخرێت.