ئەو ناوبژیوانەی ڤیاگرایان پێدا سکاڵای تۆمارکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەو ناوبژیوانەی لە کوێت بەگاڵتە پاکەتێک حەبی ڤیاگرا بەدیاری پێدرا، ئەو کارە بەسووکایەتی دەزانێت و سکاڵا تۆماردەکات و داوادەکات شکۆی بۆ بگەڕێننەوە.
لیژنەی ناوبژیوانی یەکێتیی تۆپی دەستی کوێت لەکاتی راهێنانی ئامادەکاریی ناوبژیوانان بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێ، وەک هاندانێک خەڵاتێکی تەرخان کردبوو بۆ ئەو ناوبژیوانەی کە پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت لە راهێنانەکاندا.
ناوبژیوان خالید ئەلفیلکاوی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و لەبەردەم 37 ناوبژیوان، کە ریزیان بەستبوو بۆ رێزلێگرتنی ئەو خەڵاتەی پێیدرا لەگەڵ وێنەیەکی یادگاری.
تاوەکو ئێرە ئاساییە، بەڵام ئەوەی کە ناشیرین و عەیبە و شەرمەزاری بوو ئەوەیە کە ناوبژیوانەکە کاتێک بەتەنیا مایەوە و دیارییە بەنرخەکەی کردەوە، دەبینێت دیارییەکە پاکەتێکی حەبی ڤیاگرایە!!.
ئەمە شۆکێکی گەورە بوو بۆ ناوبژیوانەکە، کە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکێتییەکەیانەوە کرد و ئەویش بە 'گاڵتە'ـی دانا، پاشان پەیوەندی بە ئەمینداری گشتییەوە کرد و ئەویش وەڵامێکی روون و ئاشکرای نەبوو. ئەمە وایلێکرد بچێتە لای بەڕێوەبەری دەستەی وەرزش، بەشار عەبدوڵڵا، ئەو داوای لێکرد سکاڵایەکی فەرمی پێشکێش بکات و لە بەشی کاروباری یاسایی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوێت تاوتوێ بکرێت.
ئەو ناوبژیوانە لە بەشێکی سکاڵایەکەیدا نووسیویەتی "من تەمەنم 41 ساڵە و 14 ساڵە خزمەتی تۆپی دەستی کوێت دەکەم، کەچی بەو شێوەیە هەڵسوکەوتم لەگەڵدا دەکرێت، داواکارم شکۆم بۆ بگەڕێننەوە".
میدیای کوێت دوای ئەوی بەم هەواڵەی زانی هەرایەکی گەورەی نایەوە و پرسیارەکە لای میدیاکانەوە ئەوەیە ئایا ئەمە رەفتارێکی ئەخلاقییە بەرامبەر بە ناوبژیوانێکی کوێتی بەو شێوەیە و لەبەردەم هاوکارەکانی و ئەندامانی لیژنەی ناوبژیوانی؟ ئایا ئەم رەفتارە بەبێ هیچ لێپێچینەوەیەک تێپەڕدەبێت لەگەڵ زیاتر پشتگوێخستن و چاوپۆشی لێکردن؟! بەبێ گێڕانەوەی رێز بۆ ناوبژیوانێک کە بەشێوازێکی سووکایەتیپێکراو لەبەردەم هاوڕێکانیدا سووکایەتی پێکرا!!
دەپرسن ئایا ئامانج و پەیامەکە چی بوو کە لیژنەی ناوبژیوانان ویستوویانە بیگەیننە ئەلفەیلاکاوی، بەتایبەتی کە ئەو یەکێکە لە ناوبژیوانە باش و پابەندەکان!!