ناوبژیوانێک بەسەرهاتێکی سەیری لەگەڵ رۆناڵدۆ ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

مارک کلاتنبێرگی ناوبژیوانی بەنێوبانگی پێشووی ئینگلیزی، بەسەرهاتێکی سەیری خۆی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەگێڕێتەوە کە چۆن کریس بەهەردوو دەستی روومەتی گرتووە و ئەویش پێگوتووە "ئێمە لە پەخشی راستەوخۆین".
 
ئەو ناوبژیوانە بەسەرهاتێکی سەیر و خۆشی نێوان خۆی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەگێڕێتەوە، کە لە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2016 روویداوە.
 
مارک کلاتنبێرگی باس لەوە دەکات کە بەسەرهاتەکە لە ئاهەنگەکانی یاریی کۆتایی یۆرۆی 2016 روویداوە و ناچار بووە بەشێوەیەکی نائاسایی قسە لەگەڵ کریستیانۆدا بکات.
 
کلاتنبێرگ، کە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی نێوان ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدریدی لە مانگی ئایاری 2016 بەڕێوەبردبوو، تەنیا دوای یەک مانگ گەڕایەوە بۆ بەڕێوەبردنی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی جامی نەتەوەکانی ئەورووپا لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی پۆرتوگال و فەرەنسا، کە بە بردنەوەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال کۆتاییهات.
 

ناوبژیوانی ئینگلیزی لە لێدوانێکدا لە رێگەی پۆدکاستی Beast Mode On لەبارەی کریسەوە قسەی کرد و گوتی "من لەگەڵ رۆناڵدۆدا بەبەخت بووم، چونکە بەخت وایکرد ناوبژیوانی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بم، کە تێیدا ریال مەدرید لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی بردەوە، پاشان یاریی کۆتایی یۆرۆشم بەڕێوەبرد، کە پۆرتوگال تێیدا نازناوەکەی بەدەستهێنا".
 
ئەو ناوبژیوانە، کە ئێستا وازی هێناوە، هەروەها گوتیشی "لە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2016 کاتێک دەچوومە سەرەوە بۆ وەرگرتنی مەدالیایەکەم، رۆناڵدۆ لە سەرەوە لە رێڕەوی رێزلێناندا وەستابوو، روومەتی منی گرت و هەوڵی دەدا بیهەژێنێت بۆ پیرۆزباییکردن لێم، منیش پێمگوت: رۆناڵدۆ، روومەتم بەردە، ئێمە لە پەخشی راستەوخۆداین".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە ناچاربوو بەهۆی پێکانەوە لە گێمی یەکەمدا یاریی کۆتایی یۆرۆ جێبهێڵێت، بینی هاوڕێکەی ئیدێر گۆڵی بردنەوەی کوشندەی لە خولەکی 109ـی کاتی زیادکراودا تۆمارکر د و کریس جامەکەی بەرزکردەوە.
 
سەرەڕای ئەوەی کە ئەستێرەی پۆرتوگالی دواتر بەردەوام بوو لە تۆمارکردنی مێژوو لەگەڵ ریال مەدرید بە بردنەوەی دوو جاری دیکەی چامپیۆنزلیگ، بەڵام کلاتنبێرگ تاکە ناوبژیوانە کە سەرپەرشتی ئەو یارییەی کردووە کە رۆناڵدۆ و پۆرتوگال تاجی ئەورووپا لەسەریان بکەن.
 
لەدوای رۆیشتنی لە تۆپی پێی ئینگلیزی لە ساڵی 2017، کلاتنبێرگ لە سعودیە، چین و میسر کاری ناوبژیوانی کردووە. ئێستا بەشداری لە پرۆگرامی Gladiators لە تۆڕی بی بی سی دەکات.