هەولێر بۆ سێیەم بردنەوەی لەسەریەک ئامادەیە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، کاتێک بەرامبەر یانەی کارەبا یاری دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 18:00 یانەی هەولێر بە ئامانجی بەدەستهێنانی سێیەم سەرکەوتنی لەسەریەک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی کارەبا یاری دەکات.
سەرەتا بڕیاربوو یارییەکە لە یاریگەی زەورا بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی یاریگەکە بۆ چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا بۆ یاریی زەورا و نەسڕ ئامادەدەکرێت، یارییەکە گواسترایەوە بۆ یاریگەی ئەحمەد رازی.
هەولێر لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە، ئەمڕۆش یانەکە بە ورەیەکی بەرزەوە لە بەغدایە و دەیەوێت بە سەرکردایەتیی مستەفا قابیل و شێرزود تێمیرۆڤ بردنەوەی سێیەم لەسەریەک تۆماربکات و درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
کارەبا هەردوو یاریی رابردووی دۆڕاندووە و هیچ خاڵێکی نییە، یانەکە دەیەوێت ئەمڕۆ بە رکابەریکردنی هەولێر بۆ بردنەوەی یەکەم سێ خاڵ بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکە.
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر بەر لە یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "سەرەتای خول هەمیشە زەحمەتە، هەموو یانەکان بەپێی توانا هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی دەدەن، هەر یارییەک بارودۆخی تایبەتی خۆی هەیە و کۆسپی بەردەم تیپەکان مانای ئەوە نییە کە ناتوانێت بگەڕێتەوە."
راهێنەری یانەی هەولێر زیاتر دەڵێت "کارەبا تیپێکی باشە، خاوەنی ستافێکی راهێنەرایەتیی زۆرباشن، ئێمە نەگەیشتووینەتە نیوەی ئامادەییمان لەرووی هونەرییەوە، زۆر سوپاسی دەستەی کارگێڕی، یاریزانان و هاندەران دەکەم بۆ ئەو ورە بەرزییەی هەیانە."
رازی شنێشل، راهێنەری یانەی کارەبا دەڵێت "خولەکە هێشتا سەرەتایە، ئەنجامە خراپەکان کاریگەریی دەروونیان لەسەر یاریزانان دەبێت، ئامانجی ئێمە ئەوەیە ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەین و متمانەی زۆرم بە یاریزانەکانم هەیە بۆ یاریی بەرامبەر هەولێر."