فەرمی.. یوڤێنتوس راهێنەرەکەی دوورخستەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی یوڤێنتوس بەشێوەیەکی فەرمی دوورخستنەوەی ئیگۆر تودۆر، راهێنەری یانەکەی راگەیاند و لە یاریی داهاتوودا راهێنەرێکی کاتی سەرپەرشتی یانەکە دەکات.
یوڤێنتوس لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵیت "تودۆر چی دیکە راهێنەری یوڤێنتوس نییە، ئەمڕۆ ئیگۆر تودۆر، راهێنەری یەکەمی یانەکە، لەگەڵ ئیڤان یاڤۆرسیچ، تۆمیسلاڤ رۆگیچ و ریکاردۆ راگناتشی، یاریدەدەرەکانی لە کارەکانیان دوورخرانەوە."
یانە ئیتاڵییەکە نووسیوویەتی "بۆ یاریی داهاتوو بەرامبەر یانەی ئودینێزی لە سێریا ئا دا، ماسیۆ برامبێلا، بەشێوەیەکی کاتی سەرپەرشتی تیپی یەکەمی یانەکە دەکات."
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا خانمە پیرەکە دەڵێت "سوپاسی ئیگۆر تودۆر و سەرجەم ستافەکەی دەکەین، بۆ ئەو پیشەییبوون و دڵسۆزییەیان کە پێشانیانداوە و هیوای باشترینیان بۆ دەخوازین لە داهاتوودا."
دوورخستنەوەی ئیگۆر تودۆر، لە راهێنەرایەتیکردنی یانەی یوڤێنتوس، لەکاتێکدایە لە 8 یاریی رابردوودا یانەکە لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا هیچ بردنەوەیەکی نەبووە و لە دوایین سێ یارییدا بەرامبەر یانەکانی کۆمۆ، ریال مەدرید و لازیۆ دۆڕاوە، لە هەرسێ یارییەکەشدا یانەکە هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکردووە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیتاڵیا، لوچیانۆ سپالێتی و رافایێل پالادینۆ دوو بەربژێری سەرەکین بۆ ئەوەی ببنە راهێنەری داهاتووی یوڤێنتوس.