ڤیدیۆ راپۆرت؛ کاردانەوەکانی پرسەی مارادۆنا
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی یەکەمی پرسەی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا، ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتیندا، هەزاران هاندەر لە بۆینس ئایرسی پایتەختی وڵات چوونە کۆشکی کاسا روسادا بۆ ماڵئاواییکردن لە تەرمی ئەو ئەفسانەیەدا کە ملیۆنان خەڵکی کردە عاشق و شەیدای تۆپی پێ.
هەر لەگەڵ گەیشتنی تەرمی مارادۆنا بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی، هاندەران بە لێشاو چوونە بەردەم ئەو کۆشکە، بۆ ئەوەی دوایین ساتەکانیان لەگەڵ مارادۆنا بەڕێبکەن، بەوەش گرژی کەوتە نێوان پۆلیس و هاندەران، چونکە هاندەران دەیانەویست پێکەوە بچنە نێو کۆشکەکە.
لەسەر ئاستی بەرزی دەستەڵاتی ئەرجەنتین، ئەلبێرتۆ فێرناندێز، سەرۆکی ئەو وڵاتە چووە کۆشکی سەرۆکایەتی، درێسی ژمارە و تاجەگۆڵینە لەسەر تەرمی مارادۆنا دانا و ماڵئاوایی لە هەڵگری مۆندیالی 1986 کرد.
کریستینا فێرناندێز دی کیرشنەر، جێگری سەرۆکی وڵات بۆ ماڵئاواییکردن لە تەرمی مارادۆنا چووە کۆشکی سەرۆکایەتی و ساتێک بەبێدەنگی لەگەڵ مارادۆنا مایەوە و بە خەمبارییەکی زۆرەوە ماڵئاوایی لەو ئەستێرەیە کرد.
یاریزانانی یانەی خیمناسیا لا پلاتا، کە دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا راهێنەریان بوو، بۆ ماڵئاواییکردن لە راهێنەرەکەیان بە جل و بەرگی سپییەوە چوونە کۆشکی سەرۆکایەتی و بە گریانەوە ماڵئاواییان لە راهێنەرەکەیان کرد.
مارادۆنا لە وەرزی رابردوودا گرێبەستی لەگەڵ ئەو یانەیە واژۆکرد، بەڵام مەرگ رێگەی نەدا کاروانەکەی تەواوبکات.
هاوشێوەی ئەرجەنتین لە شاری ناپۆلیی ئیتالیا، هەزاران هاندەر چوونە بەردەم یاریگەی سان پاوڵۆ و پرسەیان بۆ مارادۆنا دانا.
هاندەرانی پارتێنۆپی بە یەک دەنگ ناوی مارادۆنا دەڵێنەوە و بە هەڵکردنی مۆم و ئاگر داوای گۆڕینی ناوی یاریگەکەیان بۆ ناوی مارادۆنا دەکەن، لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی لە 1984 تاوەکو 1991 پێشکێشی ئەو یانەیەی کرد.
یاریزانانی یانەی ناپۆلی کە مارادۆنا لەو یانەیەدا درەوشایەوە، پێش یارییەکەیان بەرامبەر ریێکا لە یۆرۆپالیگدا، بە درێسی ژمارە 10ـەوە هاتنە نێو یاریگە و خولەکێک بەبێدەنگی بۆ رووحی ئەفسانە و ئەستێرەی پێشووی یانەکەیان وەستان.
مارادۆنا لەگەڵ ناپۆلی جامی ئیتالیا، سوپەری ئیتالیا و جامی یەکێتی ئەوروپای بردەوە و دوو جاریش یانەکەی کردە پاڵەوانی خولی ئیتالیا.
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا، کە مارادۆنا تەنیا دوو وەرز لەو یانەیە یارییکرد، وەک رێزێک بۆ گیانی دیێگۆ ئاڵاکانی بارەگای یانەکەی بۆ نیوە هێنایە خوارەوە.