پێرێز و ئەلۆنسۆ بڕیارێکی لەناکاو لەسەر یاریزانێکیان دەدەن

رووداو دیجیتاڵ

 

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەکە، بڕیارێکی لەناکاو سەبارەت بە یەکێک لە ئەستێرەکانی یانەی شاهانە دەدەن!.
 
یانەی ریال مەدرید رایگەیاند کە یانەی ریال سۆسیدادی ئاگادارکردووەتەوە لە سەرجەم ئەو دەستەوارانەی پێشکێشی کراون بۆ تاکێ کوبۆی یاریزانە ژاپۆنییەکەیان، کە یانەی شاهانە خاوەنی ٥٠٪ـی مافەکانیەتی و ریال سۆسیدادیش خاوەنی نیوەکەی دیکەیە. 
 
بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، وا دیارە ریال مەدرید دژی فرۆشتنی کوبۆ نابێت ئەگەر ریال سۆسیداد رازی بێت، ئەویش بەهۆی دابەزینی ئاست و پێگەی لە تیپەکە و نەبوونی هیچ خواستێك لەلایەن چابی ئەلۆنسۆ یان فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ بەشدارپێکردنی لە پێکهاتەی سەرەکیدا.
 
ئەو سەرچاوانەئاماژە بەوە دەکەن کە چەندین یانەی ئینگلیزی گرنگییان بەو یاریزانە داوە، کە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 'مەرجی سزایی' تەنیا 60 ملیۆن یۆرۆیە و نیوەی ئەم بڕە پارەیە بۆ ریال مەدرید دەگەڕێتەوە، کە پێرێز و کارگێڕیی یانە شاهانەکە پێیانوایە ئەم پارەیە بە هەلێک دادەنرێت بۆ بەهێزکردنی بودجەی یانەکە و گەڕان بەدوای گرێبەستی دیکە، بەتایبەت لە هێڵی بەرگری و ناوەڕاستدا، لەکاتێکدا تیپەکە پلانی نییە گۆڕانکاری گەورە لە هێڵی هێرشبەریدا ئەنجام بدات.
 
سەرەڕای بوونی چەند ساتێکی درەوشانەوە لە کاروانی وەرزشیی کوبۆدا لەگەڵ ریال سۆسیداد و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2029، بەڵام کوبۆ حەزێکی زۆر بۆ مانەوە نیشان نادات بەهۆی کەمی دەرفەتەکانی یاریکردن و بێهیوایی ئەو لە گەڕانەوە بۆ ریال مەدرید، کە بەپێی رێککەوتنی نێوان ریال سۆسیداد و ریال مەدرید، ئەمەی دوایی مافی کڕینەوەی هەیە. 
 
یاریزانە تەمەن 24 ساڵانەکە دەیەوێت لە یانەیەک یاری بکات کە رێگەی پێبدات کێبڕکێ لەسەر نازناوەکان بکات، کە ئەمەش  ئێستا لە دۆخی ریال سۆسیدادا بەدی ناکرێت.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە هەندێک پێشبینی ئەوە دەکەن کە قسەکردن لەسەر رۆیشتنی کوبۆ لە ماوەکانی گواستنەوەی داهاتوودا بەردەوام بێت، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئایا ریال مەدرید، یانە گەورەکەی ئیسپانیا لە وەرزی داهاتوودا شوێنێکی گونجاو بۆ ئەم ئەستێرە ژاپۆنییە دەدۆزێتەوە؟.