بەهۆی رۆناڵدۆوە هێرشێکی تووند دەکرێتە سەر فیفا

رووداو دیجیتاڵ

 

بەهۆی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە، تۆمەتی مەترسیدار ئاراستەی فیفا دەکرێت و دەگووترێت یاری بە یاساکان دەکات و چاوپۆشی لە سزاکان دەکات. ئیان لادیمانی رۆژنامەڤان تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، بەوەی کە هەوڵ دەدات لایەنگریی ئەستێرەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکات، پێش دەستپێکردنی جامی جیهانیی 2026.
 
فیفا بەهۆی ئەوەی لە یاریزانێکی ئێرلەندی دا، بۆ 3 یاری کریستیانۆ رۆناڵدۆی سڕکردووە بەپێی ماددەی 27ـی یاسای فیفا، بەڵام جێبەجێکردنی دوو لەو سێ یارییانەی هەڵپەساردووە بۆ ماوەی ساڵێک، بەمەرجی ئەوەی ئەگەر رۆناڵدۆ لەماوەی ئەو 12 مانگەدا هەمان هەڵەی دووبارە کردەوە، راستەوخۆ سزای سڕکردن لە یەکەم دوو یاریی فەرمی بەسەریدا جێبەجێ دەکرێت..
 
میدیای ئینگلتەرا رەخنەیەکی زۆریان ئاراستەی فیفا کردووە و بەوە تۆمەتباریان کردووە کە جیاوازی دەکات لە سەپاندنی سزاکان، چونکە بەپێی یاسا هەر یاریزانێک تووندوتیژی بەکاربهێنێت سێ یاری سڕدەکرێت و راستەوخۆ سزاکە جێبەجێ دەکرێت. تەنانەت هەندێک رۆژنامەی بەریتانی باس لەوە دەکەن کە کەمکردنەوەی سزاکەی رۆناڵدۆ بەڕاسپاردەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بووە و ئەو داوای لە ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا کردووە ئەو کارە بکات..
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هەموو ئەمە لەو گەشتەدا کراوە کە محەممەد بن سەلمانی جێنشینی سعودیە سەردانی ترەمپی کرد لە کۆشکی سپی و رۆناڵدۆ و ئینفانتینۆش ئامادەبوون.
 
رۆژنامەڤان ئیان لادیمان لە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، رایگەیاند کە شەش مانگ پێش دەستپێکردنی گەورەترین پاڵەوانێتی هەڵبژاردەکان لە تۆپی پێدا، فیفا خۆی خستووەتە دۆخێکی شەرمەزارکەری نوێوە.
 
ئەو دەڵێت "رێگەدان بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ بەشداریکردن لە یاریی یەکەمی پۆرتوگال لە مۆندیال، بڕیارێکە راستەوخۆ خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی فیفا دەکات.
 
ئەو رۆژنامەڤانە پێیوایە، دەبووایە رۆناڵدۆ لە دوو یاریی یەکەمی جامی جیهانی لە ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک بێبەش بکرایە، چونکە یاریزانە تەمەن 40 ساڵەکە لە کاتی دۆڕاندنی پۆتوگال بەرامبەر ئێرلەندا بە ئانیشکی لە دارا ئۆشیی داوە.
 
جەختیشی کردەوە کە پەیڕەوی سزاکانی فیفا سزای راگرتنی سێ یاری بەسەردا دەسەپێنێت، ئەو لە یارییەکەی ئەرمینیا ئامادە نەبوو کە بە ئەنجامی 9-1 کۆتاییهات، کەواتە دوو یاری ماوە (تاوەکو سزاکەی تەواو بێت).
 
بەڵگەهێنانەوە بە رووداوەکانی پێشوو
 
لادیمان جەختی لەوە کردەوە کە رووداوەکەی رۆناڵدۆ هەمان ئەو حاڵەتانەیە کە وایکرد تۆماس تۆخێلی راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا جود بێلینگهام لە یارییەکەی ئینگلتەرا بەرامبەر ئەلبانیا دوای وەرگرتنی کارتێکی زەرد بباتە دەرەوە، چونکە کارتی دووەم دەبووە هۆی دوورخستنەوەی لە یەکەم یاریی هاوینی داهاتوو.
 
گوتیشی "مرۆڤ پێویستی بە خەیاڵێکی زۆر نییە بۆ ئەوەی لە هەستی یاریزانانی وەک مۆیسیس کایسیدۆ و نیکۆلاس ئۆتامێندی تێبگات. هەردووکیان لە سەرەتای پاڵەوانێتییەکە بێبەش دەبن دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلوولدا لە یاریی ئیکوادۆر و ئەرجەنتین دەرکران".
 
بەردەوام بوو و گوتی "ئۆتامێندی تەمەن 37 ساڵ لە 128 یاریدا بە کارتی سوور دەرنەکراوە. کایسیدۆش لە سەرەتای دەستپێکردنی کاروانی وەرزشییەوە کارتی سووری وەرنەگرتووە، هەردووکیان بۆ وڵاتەکەیان گرنگن، بەڵام خاوەنی پێگەی رۆناڵدۆ نین، بۆیە ئەوان ئامادە نابن لەکاتێکدا کریس بەشداری دەکات".
 
هەروەها زیاتر گوتی "ئەمە پێشتریش لەگەڵ ئینگلتەرا دووبارە بووەوە کاتێک لە یۆرۆی2012 بەبێ وەین روونی یارییان کرد دوای ئەوەی بەرامبەر مۆنتینیگرۆ دەرکرا. سەرەڕای کەمکردنەوەی سزاکە، بەڵام لە دوو یاریی یەکەمدا بەشدار نەبوو".
 
لە کۆتایی هێرشەکەیدا بۆ سەر فیفا، گوتی"ئەمە جیهانی فیفایە، کە تێیدا یاساکان دەشێوێندرێن یان دەشکێندرێن، تاکە یاسای کارپێکراو ئەو یاسا نەنووسراوەیە کە ئازادی دەدات بە ئینفانتینۆ و دەوروبەرەکەی بۆ ئەنجامدانی هەر شتێک کە دەیانەوێت".