هانزی فلیک نزیکە لە رۆیشتن و دوو راهێنەر بەربژێرن بۆ شوێنگرتنەوەی
رووداو دیجیتاڵ
لە پێشهاتێکی لەناکاودا، هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی لە رۆیشتن لە بارسێلۆنا نزیک دەبێتەوە و خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکەش دوو جێگرەوە دیاری دەکات!
لۆبۆ کاراسکۆی میدیاکاری بەنێوبانگ لە بەرنامەی El Chiringuito Inside بەلێدوانێکی چاوەڕواننەکراو بینەرانی تووشی شۆک کرد، کاتێک جەختی کردەوە کە ئێستا هانزی فلیک زیاتر ئارەزووی بەلای جێهێشتنی بارسێلۆنایە وەک لە مانەوە بۆ وەرزێکی دیکە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەواڵی بوونی گوشاری زۆر لەسەر راهێنەرەکە لە هەفتەکانی رابردوودا بەهۆی ئەنجامە ناجێگیرەکانەوە. بەپێی گوتەی کاراسکۆ، فلیک هەست بە گوشارێکی تووند دەکات، کە وایکردووە مانەوەی لە کامپ نۆ جێی گومان بێت.
ئایا ئەزموونەکەی فلیک کۆتایی دێت؟
بەگوێرەی ئەو بەرنامەیە، فلیک پێیوایە ئەو رەخنانەی ئاراستەی کراون دادپەروەرانە نەبوون، و هەست دەکات دۆخەکە لە بارسێلۆنا زۆر سەختە بۆ ئەو. پەیوەندییەکانی نێو ژووری جلگۆڕین تێکچوون، بەشێوەیەک زانیاری دزەی کردووە سەبارەت بە ناکۆکی لەنێوان ئەو و چەند یاریزانێکی دیار، وەک لامين یامال، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ژول کۆندێ و فێرمین لۆپێز.
لەسایەی ئەم پێشهاتانەدا، کارگێڕیی بارسێلۆنا بەنوێنەرایەتی خوان لاپۆرتا و دیکۆ پەلەیان کردووە لە گەڕان بەدوای جێگرەوەیەکی ئەگەری بۆ فلیک.
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکە ئاشکرایان کردووە کە لویس ئێنریکی، راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا و ئێستای پاریس سانجێرمان بە بەهێزترین پاڵێوراو دادەنرێت بۆ شوێنگرتنەوەی، کە ئەو راهێنەرە یەکێکە لە دیارترین راهێنەرەکان لە مێژووی بارسێلۆنا و ئەزموونێکی گەورەی هەیە لە سەرکردایەتیکردنی تیپەکە، ئەمەش وایلێدەکات لە چاوی کارگێڕییەوە باشترین بژاردە بێت.
بەڵام کێشەیەک هەیە
رۆژنامەکانی ئیسپانیا جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەربەستێکی گەورە لە بەردەم دانانی لویس ئێنریکی بە راهێنەری بارسێلۆنا هەیە، ئەویش یانەی پاریس سانجێرمانە، کە راهێنەرە ئیسپانییەکە بەم دواییانە گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە واژۆکردووە، کە وا دەرناکەوێت بەئاسانی دەستبەرداری ببن. بۆیە وەرگرتنی رەزامەندی پاریس سانجێرمان ئێستا بە کارێکی زۆر سەخت دادەنرێت، بەتایبەت بەهۆی گرژیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو و یانەکە.
پلانی جێگرەوە
ئەگەر دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، لەوانەیە بارسێلۆنا پەنا بۆ بژاردەیەکی دیکە بەرێت، ئەویش سیسک فابریگاسـە. ئەو راهێنەرە گەنجە، کە ئێستا سەرکردایەتی یانەی کۆمۆی ئیتاڵی دەکات، بووەتە یەکێک لە ناوە دیارەکان.
سیسک فابریگاس، یاریزانی پێشووی بارسیلۆنا سەرکەوتوو بوو لە سەرخستنی تیپە بچووکەکەی بۆ خولی پلەیەکی ئیتاڵیا، و ئێستا لە پلەی شەشەمی ریزبەندیی خولەکەدایە، تەنانەت بەشێوازی یاریکردنی هێرشبەری و سەرنجڕاکێشی ناسراوە.
کارگێڕیی بارسێلۆنا بەوردی چاودێری بەرەوپێشچوونی فابریگاس دەکەن، و پێدەچێت کارگێڕیی یانەکە ئامادەبن هەلی پێبدەن لە ئەگەری رۆیشتنی فلیک.
ئایندەی نزیک
هەفتەکانی داهاتوو بۆ بارسێلۆنا یەکلاکەرەوە دەبن، چونکە پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکان سەبارەت بە چارەنووسی فلیک و راهێنەری داهاتووی تیپەکە خێراتر بن. دیمەنەکە ئێستا بە ناڕوونی دەمێنێتەوە، بەڵام کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە بارسێلۆنا خۆی بۆ گۆڕانکاری گەورە ئامادە دەکات، و رەنگە یانەکە بەمزووانە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سەرکردایەتی هونەریدا بەخۆیەوە ببینێت.