پارێزگاری سلێمانی: دەنگدان بە زاخۆ دەنگدانە بە ئایندەمان

 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی هەینی دەنگدان بۆ باشترینەکانی جیهان بۆ ساڵی 2025 لەسەر ماڵپەری فیفا کۆتاییدێت و یانەی زاخۆ دەیەوێت لە شارە جیاوازەکانی کوردستان زۆرترین دەنگ کۆبکاتەوە.
 
کەمپینی پاڵپشتیکردن لە یانەی زاخۆ لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەردەوامە و هاندەران دەنگ بۆ یانەکە کۆدەکەنەوە، بۆ ئەوەی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان بۆ ساڵی 2025 بباتەوە.
 
یانەی زاخۆ ژمارەیەکی زۆر خۆبەخشی یانەکەی بەسەر شارە جیاوازەکاندا بڵاوکردووەتەوە و دەیەوێت تاوەکو دوایین خولەکی کاتی دەنگدان، بەردەوامبێت لە کۆکردنەوەی دەنگ بۆ یانەکە.
 
تیمێکی گەورەی خۆبەخشەکانی یانەکە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ دڵژار عەدنان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی زاخۆ سەردانی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانیان کرد بۆ ئەوەی بەفەرمی کارەکانیان لەو شارە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ یانەکە دەستپێبکەن.
 
لە رێوڕەسمەکەدا پارێزگاری سلێمانی خەڵاتی تایبەتی دایە یانەی زاخۆ و ئەندامی کارگێڕیی یانەکەش لۆگۆ و درێسی یانەکەی بە دیاری پێشکێشی پارێزگار کرد.
 
دوای ئەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "وەکو نوێنەر و باڵیوزی خۆمان و نموونەیەکی جوان لە فیفا پاڵپشتیی یانەی زاخۆ دەکەین، بۆ ئەو نموونە جوانەی بۆ پاڵپشتیکردنی تووشبووانی شێرپەنجە پێشکێشیان کردووە و لە پاڵ وەرزش خەمی ژینگە و سیستمی گشتییانە، بۆیە دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئەوانەی کە دەنگ بە یانەی زاخۆ دەدەن."
 
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت "با بەهەموومان هاوکاری یانەی زاخۆ بکەین، ئەوان کارێکی گەورەیان کردووە و ئەوان نوێنەری راستەقینەی ئێمەن و داوا دەکەم کورد بەدوای ئەو چرکەساتانەدا بگەڕێت کە ئێمە یەکدەخات و ئەمە یەکێکە لەوانە، بۆیە با بەیەکەوە هانی یانەی زاخۆ بدەین بۆ ئەوەی نموونەیەکی جوانی خۆمان پێشکێشی جیهان بکەین."
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی "لە باخی گشتی چادری تایبەتیان داناوە بۆ ئەوەی هاوکاری هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە دەیانەوێت دەنگ بە یانەی زاخۆ بدەن، هەمووتان لە هەر شوێنێک بن دەنگ بە یانەی زاخۆ بدەن، چونکە دەنگدان بە یانەکە دەنگدانە بە رەسانەیەتیمان، بە رابردوو و ئایندەمان."
 
دەنگدان بۆ باشترینەکانی ساڵی 2025 لەسەر ماڵپەری فیفا شەوی هەینی کاژێر 1:59 بە کاتی باشووری کوردستان کۆتاییدێت.