بەهۆی دۆسێی نێگرێراوە، ریال مەدرید داوای قەرەبووی گەورە لە بارسێلۆنا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، کارگێڕیی ریال مەدرید بڕیاریداوە هەنگاوێکی دیکەی تووند لە دژی یانەی بارسێلۆنا بنێت، بەهۆی دۆسێی نێگرێراوە.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، ریال مەدرید بڕیاریداوە بەتەنیا چاودێریی ئاراستەی دۆسێی نێگرێرا لە دادگا نەکات، بەڵکو هەنگاوێکی دیکە بچێتە پێشەوە و داوای قەرەبوو بکات.
 
پێشتر فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لە کۆبوونەوەی دەستەی گشتیی یانەکەدا رایگەیاندبوو، ریال مەدرید "تاوەکو کۆتایی دەڕوات"، ئەوەش روونیدەکاتەوە کە یانەکە بەنیاز نییە پاشەکشە بکات لە زیاتر وروژاندنی دۆسێیەکە و بەپێچەوانەوە هەنگاوی گەورەتر دەنێت.
 
رۆژنامەی 'ئەی ئێس' ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید پلانی داناوە بۆ داواکردنی قەرەبووی دارایی زەبەلاح، بەهۆی ئەوەی کە یانەکە وایدەبینێت، "زیانی گەورەی بە ریال مەدرید و تۆپی پێی ئیسپانیا گەیاندووە، بەهۆی ئەو پارانەی بارسێلۆنا بە ئینریگێز نێگرێرای جێگری سەرۆکی دەستەی ناوبژیوانانی لالیگای داوە".
 
بەپێی رۆژنامەکە، دەکرێ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا، بەهۆی بڕگەی 4،1ی یاساکانی خۆیەوە، سزای وەرزشی بەسەر بارسێلۆنادا بسەپێنێت، بەڵام هەندێک یانە پێیانوایە فیدراسیۆنە ئەورووپییەکە، پەرچەکرداری بەپێی گەورەیی دۆسێیەکە نەبووە.
 
دۆسێی نێگرێرا دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرەیەک پارە کە بڕەکەی گەیشتووەتە 8،4 ملیۆن یۆرۆ، لەلایەن یانەی بارسێلۆناوە دراوەتە کۆمەڵێک کۆمپانیای سەر بە جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا، لە کاتێکدا سەرچاوەکان دەڵێن، پارەی دراو بەو کۆمپانیایە ناڕوونیی تێدایە و لێدوانی بەرپرسانی پێشوو و ئێستای یانەکەش لەبەردەم دادگادا، دژبەیەکن. 
 
دادگای بارسێلۆنا، تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لە دۆسێیەکە دەکات.
 
پێشتر، یانەی ریال مەدرید لە هەنگاوێکی لەناکاودا، داوای کردبوو 625 دۆکۆمێنت و نووسراوی تایبەت بەپێداچوونەوەی دارایی و پسووڵەی خەرجییەکان و جووڵەی دارایی یانەکە لە نێوان ساڵانی 2010 تاوەکو 2021ی کردبوو، ئەوە جیا لە بوودجەی سەرجەم ئەو پارانەی دراوەتە کۆمپانیاکانی نێگرێرا.
 
ئەو هەنگاوەی ریال مەدرید، لە کاتێکدایە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و دەستەی سەرپەرشتیاری لالیگا، لە دانیشتەکانی دادگای پەیوەست بەدۆسێیەکە، پاشەکشەیان کردووە و پارێزەرەکانی یانەی ریال مەدرید، بەتووندی و سەرسەختانە چوونەتە ناو دۆسێیەکەوە.