هێرشبەرێکی فەرەنسا داوای تۆڵەکردنەوە لە ئەرجەنتین دەکات


رووداو دیجیتاڵ

جیبریل سیسێی هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا، داوا لە یاریزانانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەکات، لە مۆندیالی داهاتوو، تۆڵە لە ئەرجەنتین بکەنەوە.
 
پاش سێ ساڵ لە دۆڕانی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2022 بە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەلێدانی یەکلاکەرەوە، سیسێ داوای تۆڵەکردنەوەی ئەو مۆندیالە دەکات لە مۆندیالی داهاتوودا.
 
یاریی کۆتایی مۆندیالی 2022 لەنێوان ئەرجەنتین و فەرەنسا، بەیەکسانبوونی هەردوو هەڵبژاردە بە سێ گۆڵ کۆتایی هات، لە لێدانە یەکلاکەرەوەکاندا ئەرجەنتین نازناوەکەی بردەوە.
 
هەردوو هەڵبژاردە سەرکەوتنیان بۆ مۆندیالی داهاتوو مسۆگەرکردووە و ئەگەر تاوەکو کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بڕۆن، لەوێ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
سیسێ دەڵێ، "تاوەکو ئێستا هەست بەڕقێکی زۆر دەکەم بەرامبەریان".
 
بەپێویستی دەزانێت، یاریزانە فەرەنسییەکان، "حسابی خۆیان لەگەڵ ئەرجەنتین ساف بکەن و تۆڵە بکەنەوە".
 
سیسێ تەماشای گرتە ڤیدیۆییەکانی یاریی کۆتایی مۆندیالەکەی کردووە، ئەو دەڵێ، "دوای بینینی گرتەکان، هەستم بەتووڕەییەکی زۆر کرد، هەست بە رقێکی زۆر دەکەم بەرامبەریان".
 
هێرشبەرە دێرینەکەی فەرەنسا کە پێشتر دووجار بەشداریی مۆندیالی کردووە، زیاتر دەڵێ، دەمەوێت ئەستێرەی سێیەم لە مێژوودا بەدەست بهێنین. 
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "پێویستە نازناوی دوایین مۆندیال ببەینەوە کە مێسی بەشداریی تێدە دەکات. دەبێ تۆڵەی خۆمان لە ئەرجەنتین بکەینەوە".
 
سیسێ، هەروەها رەخنەی لە ئینزۆ فێرناندێز، یاریزانی چێڵسی و ئەرجەنتین گرت بەهۆی هەندێک هەڵسوکەوتی لە دوای یارییەکە. ئەو دەڵێ، بەلامەوە سەیرە چۆن هاوڕێکانی لە یانەی چێڵسی، لێی خۆشبوون.
 
ئینزۆ لە دوای بەدەستهێنانی نازناوی کۆپا ئەمریکای 2024 لەگەڵ ئەرجەنتین، لە گۆرانییەکدا لە نێو پاسی هەڵبژاردەکە، گاڵتەی بەیاریزانانی فەرەنسا کردبوو.
 
سیسێی یاریزانی پێشووی لیڤەرپوول هەروەها دەڵێ، برینی یاریی کۆتایی مۆندیالی پێشوو، لە دڵی هەموو فەرەنسییەکدا، بەکراوەیی ماوەتەوە.