ئارتێتا و ئارسیناڵ؛ چیرۆکی شەش ساڵ کارکردن
رووداو دیجیتاڵ
میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ شەش ساڵی تەواوکرد و یانەکەی لە تیپێکی ئاساییەوە گۆڕی بۆ یەکێک لە بەهێزترین تیپەکانی ئەورووپا. ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئارسیناڵ بێ ئارتێتا چۆن دەبێت و ئەم راهێنەرە تاوەکو کەی لە لەندەن دەمێنێتەوە؟
لەساڵی 2019، کاتێک ئارتێتا ئەرکی راهێنانی ئارسیناڵی گرتەدەست، یانەکە لە دۆخێکی خراپدابوو، بەڵام ئێستا دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ، ئەم راهێنەرە تەمەن 43 ساڵانە بووەتە دووەم درێژخایەنترین راهێنەر لە پرێمەرلیگ لە دوای پیپ گواردیۆلا. ئارتێتا لە مانگی 9ـی 2024 گرێبەستێکی نوێی بۆ ماوەی 3 ساڵ واژۆکرد، بەمەش تاوەکو ساڵی 2027 لەگەڵ یانەکەی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوانەی نزیکن لەم راهێنەرە دەڵێن ئارتێتا نایەوێت وەک ئارسین ڤینگەر یان ئەلێکس فێرگسۆن بۆ چەندین دەیەی درێژ لە یەک یانە بمێنێتەوە.
ئارتێتا بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە کار دەکات و پرۆژەی بونیادنانەوەی ئارسیناڵ ماندووبوونێکی زۆری پێوە دیارە، بۆیە زۆر کەس پێشبینی دەکەن دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی پێویستی بە پشوویەک هەبێت. لە لایەکی دیکەوە، ئارسیناڵ ئێستا لە قۆناخێکی هەستیاردایە و لە رکابەرییەوە بەرەو بردنەوەی نازناوەکان هەنگاو دەنێت.
ئارتێتا ساڵێک لەمەوبەر گوتی "ئێستا دەبێت بەرەو ئاستێکی دیکە هەنگاو بنێین". یانەکە خاوەنی تیپێکی گەنج و بەهێزە و زۆربەی یاریزانەکانیش گرێبەستی درێژخایەنیان هەیە، ئەمەش پاڵنەرە بۆ راهێنەرە ئیسپانییەکە لە کارەکەی بەردەوام بێت.
بەپێی میدیا جیهانییەکان، چەندین یانەی گەورەی وەک بارسێلۆنا، ریال مەدرید، پاریس سانجێرمان و تەنانەت مانچێستەر سیتیش چاویان لەسەر ئارتێتایە. ئەگەر پێپ گواردیۆلا لە کۆتایی وەرزدا مانچێستەر سیتی جێبهێڵێت، رەنگە ئارتێتا یەکێک بێت لە بژاردەکان، هەرچەندە ئەم گواستنەوەیە لە رووی سیاسی و وەرزشییەوە زۆر هەستیار دەبێت. خێزانی ئارتێتا لە لەندەن جێگیرن و ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی وایکردووە ئارسیناڵ بە شوێنی دڵخوازی خۆی بزانێت.
خێزانی کرۆینکی کە خاوەنی یانەی ئارسیناڵن، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا زیاتر لە نیو ملیار پاوەندیان بۆ ئارتێتا دابینکردووە تاوەکو تیپێکی بەهێز دروست بکات. تەنیا لە هاوینی رابردوودا 250 ملیۆن پاوەند خەرجکرا، ئەمەش نیشانەی متمانەی تەواوی خاوەن یانەکەیە بە پرۆژەکەی ئارتێتا، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە؛ ئەگەر ئارسیناڵ ئەم وەرزەش نازناوێکی گەورە بەدەست نەهێنێت، ئایا خاوەن یانەکە و هاندەر بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی؟
لەڕووی کارگێڕییەوە گۆڕانکاری لە ئارسیناڵ روویداوە، ئێستا ئەندریا بێرتا و ریچارد گارلیک بەرپرسیارن لە کارەکان و دەبێت لەگەڵ خێزانی کرۆینکی بڕیار لەسەر نوێکردنەوەی دوایینی گرێبەستی ئارتێتا بدەن. پێشبینی دەکرێت لە مانگی 3ـی ساڵی داهاتوو گفتوگۆکان دەستپێبکەن، بەڵام هەموو شتێک بەستراوەتەوە بەو ئەنجامانەی ئارسیناڵ لە پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ بەدەستیان دەهێنێت. ئارتێتا ئێستا هەموو کارتەکانی لە دەستە و داهاتووی ئارسیناڵ لەسەر دەستی ئەو دەنووسرێتەوە.