ڤیدیۆ؛ راستیی چیرۆکی دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە فێرگەکاندا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش لە وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای لەبارەی دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە فێرگەکاندا نەکردووە و ئەو رووداوەشی کە روویداوە ساڵێک لەمەوبەر بووە و ئەو راهێنەرەشی کە ئەو کارەیکردووە گیراوە.
شاکر ئەحمەد سمۆ، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەو کارەی کراوە لە فێرگەی بازیان کراوە کە فێرگەکە هیچ موڵەتێکی فەرمیی نییە و ئەو راهێنەرەشی کە ئەو کارەیکردووە، راهێنەری تیپی کوڕانی ئۆجەلان بووە و ئێستا لە زینداندایە.
سمۆ زیاتر گوتی، تەنیا چوار فێرگە لەلای ئێمە موڵەتیان پێدراوە، دڵنیایی دەدەینە هەموو لایەک کە لەو فێرگانەدا بەهیچ شێوەیەک ئەو رووداوانە نایەنە پێشەوە و لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەن و ناوەڕۆکی هەموو ئەو فێرگانەش لە نزیکەوە ئاگادارن و دەشزانن ئەوانەی کە دەچنە ئەو فێرگانە و راهێنەرەکانیشیان کێن، بەڵام کاتێک فێرگەیەک بەبێ موڵەت دەکرێتەوە کێشە دروستدەبێت و ناتوانین چاودێرییان بکەین، لەکاتێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی وەرزشیی ئەو پارێزگایە زیاتر لە 50 بۆ 60 موڵەتی داوەتە فێرگەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ ئێمە، بەڵام دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری رۆشنبیری بڕیاری رەتکردنەوەی ئەو فێرگانە دراوە و نابێت لە هەر گەڕەکێک و گوندێک فێرگەیەک هەبێت و شتی خراپیان تێدابکرێت، بۆیە دووپاتیدەکەینەوە ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی ئەم شتانە بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین و ئەوانەی روودەدات دوور لە ئەخڵاقی وەرزشی، بۆیە هەر کەس و لایەنێک، سکاڵا لەبارەی کارێکی لەو شێوەیە تۆماربکات دەرگامان کراوەیە و وەک حکومەت لێپێچینەوەی لێدەکەین.
شاکر ئەحمەد بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەمان دەبێت و داوای بەڵگەمان کردووە لەبارەی ئەو دۆسیانەی کە لە ماوەی رابردوودا بڵاوکراونەتەوە و پەرلەمانی کوردستانیش لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان دەکات، هەروەها داواشمان لەو دەزگایە میدیاییە کردووە بەڵگەمان بخاتە بەردەست لەبارەی هەبوونی ئەو کەیسانە.
بەڕێوەبەری وەرزش دەڵێت: " تاوەکو هەفتەیەکی دیکە موڵەت دراوەتەوە ئەو میدیایەی کە بابەتەکەی بڵاوکراوەتەوە و بە نووسراوی فەرمی داوای بەڵگە دەکەین لەبارەی ئەو بابەتەوە، ئەگەر بەڵگەی پێویستمان نەخەنە بەردەست لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیرییە دەیدەینە دادگا و موڵەتی کارکردنیشیان لێ وەردەگرینەوە.