لیڤەرپوول گیرۆدەی دەستی کێشەی 15 یاریزانی بووە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی لیڤەرپوول لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە بۆ داهاتوو خۆی، بەهۆی کۆتایی هاتنی گرێبەستی ژمارەیەکی زۆری یاریزان لەگەڵ یانەکە.
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئینگلتەرا دەڵێن، یانەکە هێشتا دەستی بە دانوستاندنی نوێکردنەوەی گرێبەستی ژمارەیەکی زۆری یاریزانان نەکردووە، لە کاتێکدا ئەگەر هەیە بەخۆڕایی ئەو یاریزانانە لەدەست بدات.
 
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، ئاندرێ رۆبێرتسۆن و ئیبراهیما کۆناتێ دیارترینی ئەو یاریزانانە کە دەکرێ هاوینی داهاتوو لە یانەکە بڕۆن، بەهۆی تەواوبوونی گرێبەستەکانیان.
 
رۆبێرتسۆن، وەک ئەوەی میدیاکان ئاشکرایانکردووە، نزیکە لە رێکەوتن لەگەڵ یانەی تۆتێنهام، بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات، لە کاتێکدا زۆرینەی کات لەسەر کورسیی یەدەگی لیڤەرپوولە و لە دۆخی خۆی لە یانەکە رازی نییە.
 
پێشبینیکراوە هاوینی داهاتوو ئیبراهیما کۆناتێ لە یانەکە بڕوات بەبێبەرامبەر، بەهۆی نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە.
 
میدیای ئینگلتەرا هەروەها دەڵێن، هەشت یاریزانی دیکەی یانەکە، لە هاوینی 2027 گرێبەستەکانیان تەواو دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ دەنگۆیەکیش بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن لەپێناو نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان نییە.
 
ئەو یاریزانانەی لە هاوینی 2027 گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکە تەواو دەبێت، بریتین لە ئەلیسۆن بیکێری گۆڵپارێز (لە گرێبەستەکەیدا نوێکردنەوەی ساڵێکی خۆبەخۆیی هەیە)، هەروەها ڤێرجل ڤان دایک، محەمەد سەڵاح، کیرتس جۆنز، جۆ گۆمێز، کۆستاس تسیمیکاس (بەخواستن لە رۆمایە)، واتارۆ ئیندۆ و ستیڤیان باچیچ (بەخواستن لە لاس پاڵماس)ە.
 
بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، پێنج یاریزانی دیکە لە هاوینی 2028 گرێبەستەکانیان تەواو دەبێت کە بریتین لە دۆمینیک سۆبۆسلای، ئەلیکس ماک ئالیستەر، ریان جرافنبێرگ، فیدریکۆ کیێزا و ریۆ نگوما.
 
لیڤەرپوول لە وەرزی ئەمساڵدا لە پرێمەرلیگ دۆخی باش نییە و بە کۆکردنەوەی 36 خاڵ، پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.
 
پێدەچێت کێشەی نوێنەکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکان، بەشێکی پەیوەست بەکێشەی ناسەقامگیری لە ئەنجامەکانی یانەکەدا بێت، چونکە میدیاکان زۆر باسی ئەگەری دوورخستنەوەی ئارنێ سلۆت لە مەشقدانی یانەکە دەکەن، ئەو جۆرێک لە ناسەقامگیری و نادڵنیایی لای کارگێڕیی یانەکە و یاریزانەکانیشی دروستکردووە، هەر بۆیە کەس هەنگاو بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنی نوێکردنەوەی گرێبەستەکان نانێت.