هەموو شتێک لەبارەی شەوی یەکلاکەرەوەی چامپیۆنزلیگ
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو رکابەرییەکانی قۆناخی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا تەواو دەبن، 18 یاری لە یەککاتدا بەڕێوەدەچن و بۆ بینەری تۆپی پێی ئەورووپا و جیهان شەوێکی سەرنجڕاکێش دەبێت، بەوپێیەی هەشت یانە دەگەنە قۆناخی شازدەی رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگ و شازدە یانەی دیکەش رکابەری لەسەر قۆناخی پلەی ئۆف دەکەن بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی رکابەرییەکە.
ریال مەدرید میوانی مۆرینیۆیە، بارسێلۆنا یاریی مان و نەمان دەکات، پاریس سانجێرمان یارییەکی ئاگرینی هەیە و رکابەرییەکە لە پلەی شەشەمەوە تاوەکو سێزدەیەم بەهێز و گەرمە.
لەندەنییەکان دەیانەوێت مێژووییەکی نوێ لە چامپیۆنزلیگدا تۆماربکەن
یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی و پێشەنگی ریزبەندی یانەکانی ئەورووپا دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و بە خاڵی تەواوەوە لە قۆناخی شازدە بێت.
ئارسیناڵ لە دوایین گەڕی قۆناخی خولدا لە چامپیۆنزلیگ، لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی کایرات ئاڵماتی یاریی دەکات و دەیەوێت هەشتەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکات.
گانەرز باشترین یانەی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگە، یانەکە تاوەکو ئێستا هەر 7 یارییەکەی بردووەتەوە، خاوەنی بەهێزترین هێڵی 20 گۆڵی تۆمارکردووە، بەهێزترین هێڵی بەرگریی هەیە و تەنیا 2 گۆڵی لێکراوە، یانەکە 5 یاری گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە.
ئەرکی یانە لەندەنییەکە لە یارییەکەی ئەمشەودا تاڕادەیەک ئاسانە، لەکاتێکدا کایرات خاوەنی پلەی کۆتایی ریزبەندە، لە 7 گەڕدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، 6 جار دۆڕاوە و لە یارییەکدا یەکسانبووە، یانەکە وەکو یەکەم یانە ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگدا کردووە و ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە تەنیا ئەوەیە دەچنە یاریگەی ئارسیناڵ و بەرامبەر پێشەنگی ریزبەند یاریی دەکەن.
دووەمی ریزبەند دەیەوێت دۆڕانە چاوەڕواننەکراوەکەی لەبیر بکات
یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، دووەمی ریزبەندی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپایە، دوای ئەوەی لە گەڕی رابردووی بوندێسلیگادا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەنێو یاریگەی خۆی بە ئوگسبۆرگ دۆڕا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دوایین یاریی قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدات.
بایرن میونشن لە هۆڵەندا دەبێتە میوانی یانەی ئایندهۆڤن و بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت، هەم بۆ ئەوەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، هەمیش بۆ ئەوەی دۆڕانی لەسەر ئاستی ناوخۆ لەبیر هاندەرانی بباتەوە.
باڤارییەکان لە 7 گەڕدا 6 بردنەوە و یەک دۆڕانیان هەیە، دۆڕانەکەیان بەرامبەر یانەی ئارسیناڵ بووە، بە 18 خاڵ بایرن سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ مسۆگەر کردووە.
یانەی ئایندهۆڤن بە 2 بردنەوە، 2 یەکسانبوون و 3 دۆڕان 8 خاڵی کۆکردووەتەوە، لە پلەی 22ـی ریزبەندە، هەلی ئەوەی هەیە بەشداری لە قۆناخی پلەی ئۆفدا بکات، بۆ ئەوەش پێویستە بە ئەنجامێکی گەورە لە یانەی بایرن میونشن بباتەوە، بەڵام ئەرکیان زەحمەتە.
ریال مەدرید و ئەربێلوا میوانی مۆرینیۆن
لە یارییەکی سەرنجڕاکێشدا جۆزێ مۆرینیۆ میوانداریی قوتابییەکەی دەکات و بێنفیکا و ریال مەدرید رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یارییەکە لە پۆرتوگال بەڕێوەدەچێت، جۆزێ مۆرینیۆ بەرامبەر ئەلڤارۆ ئەربێلوا و یانەی پێشووی یاریی دەکات بۆ ئەوەی دوایین یاریی خۆی لە چامپیۆنزلیگدا بە بردنەوە تەواو بکات.
بێنفیکا لە 7 گەڕی رابردوودا 5 یاریی دۆڕاندووە و تەنیا دوو بردنەوەی هەیە، یانەکە بە 6 خاڵ لە پلەی 29ـەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگە و هیچ هەلێکی نییە بۆ ئەوەی راستەوخۆ بگاتە قۆناخی داهاتوو و تەنیا دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو خۆی بگەیێنێتە قۆناخی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ.
ریال مەدرید سێ یاریی رابردووی لەسەریەک لەسەر ئاستی ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگ بردووەتەوە و تیپەکەی ئەلڤارۆ ئەربێلوا لە دۆخێکی دەروونی باشدایە و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات بۆ ئەوەی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو بەتەواوی مسۆگەر بکات.
لۆس بلانکۆس بە 5 بردنەوە و دوو دۆڕان 15 خاڵی کۆکردووەتەوە و ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگە و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو لەنێو تیپەکانی قۆناخی داهاتوو بێت.
جۆزێ مۆرینیۆ بەرامبەر ریال مەدرید وەکو راهێنەر 5 یاریی ئەنجامداوە، هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، چوار جار دۆڕاوە و لە یارییەکدا یەکسانبووە.
هەردوو یانە سێجار بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، بێنفیکا دووجار و ریال مەدرید جارێک بردنەوەی تۆمارکردووە، لە دوای 1965ـەوە یەکەمجارە هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
لیڤەرپوول لەنێو دەنگۆی دوورخستنەوەی سڵۆت و هەلی ئاشتکردنەوەی هاندەراندا
یانەی لیڤەرپوول دوایین یاریی خۆی لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر قەرەباخ ئەنجامدەدات و دەیەوێت یەکێک بێت لەو یانانەی بەشێوەی راستەوخۆ دەگەنە قۆناخی هەشتی رکابەرییەکە.
یارییەکە لە یاریگەی ئانفیڵد بەڕێوەدەچێت، رێدز دوای ئەوەی لە دوایین یاریی پرێمەرلیگدا بەرامبەر بۆرنمۆس دۆڕا، دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو و گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو هاندەرانی دڵخۆش بکات و شوێنی خۆی لە قۆناخی هەشت بکاتەوە.
لیڤەرپوول لەکاتێکدا یارییەکە ئەنجامدەدات، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە لەم وەرزەدا دەنگۆی دوورخستنەوەی ئارنێ سڵۆت و پەیوەندیکردنی یانەکە بە چابی ئەلۆنسۆ هەیە.
یانە ئینگلیزییەکە لە چامپیۆنزلیگدا، بە پێنج بردنەوە و دوو دۆڕان خاوەنی 15 خاڵە، بە جیاوازیی گۆڵ لەگەڵ ریال مەدرید لە پلەی چوارەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگە، بۆ یارییەکەی ئەمشەو جۆ گۆمێز و ئەلیکساندەر ئیساک بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن.
قەرەباخ لەم وەرزەدا 3 یاریی بردووەتەوە، لە یارییەکدا یەکسانبووە و 3 جار دۆڕاوە، یانەکە هەلی ئەوەی هەیە بەشداری لە قۆناخی پلەی ئۆفدا بکات، بۆیە هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە دەبێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت.
سپێرێز لەنێو دۆخی خراپی پرێمەرلیگ و هەلی گەیشتن بە قۆناخی 16
یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگە و چاوی لە گەیشتنە بە قۆناخی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، بۆ ئەوەش یانەکە پێویستی بە ئەنجامێکی باشە، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی یاریی دەکات.
سپێرز، لە چامپیۆنزلیگ و پرێمەرلیگدا لە دوو دۆخی جیاوازدایە، یانەکە لە چامپیۆنزلیگدا هەلێکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتوو، بەڵام لە پرێمەرلیگدا لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەیە و یانەکە لە دوایین یارییدا لەگەڵ بێرنلی یەکسانبووە، هاندەران لە دۆخی تیپەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ ناڕازین، بەڵام گەیشتنیان بە قۆناخی داهاتوو رەنگە زەردەخەنە بگەڕێنێتەوە سەر رووخساری لەندەنییەکان.
تۆتێنهام بە 4 بردنەوە، 2 یەکسانبوون و دۆڕانێک ئێستا لە پلەی پێنجەمە بە 14 خاڵ، هەر ئەنجامێکی دیکە جگە لە دۆڕان رەنگە یانەکە بگەیێنێتە قۆناخی شازدە.
ئینتراخت فرانکفۆرت لە دۆخێکی باشدا نییە، یانەکە ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کردووە، لە 7 گەڕدا تەنیا 1 یاریی بردووەتەوە، لە یارییەکدا یەکسانبووە و 5 جار دۆڕاوە، تەنیا ئەوەی ئەوان دەیانەوێت ئەوەیە لە یاریگەی خۆیاندا بردنەوە دڵخۆش بکەن و بە سێ خاڵەوە کاروانەکەیان لە چامپیۆنزلیگدا تەواو بکەن.
پاڵەوان جگە لە بردنەوە بژاردەیەکی دیکەی نییە
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، لە یارییەکی لووتکەدا رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ دەکات.
لە دوایین گەڕی قۆناخی خولدا لە یاریگەی خۆی، یانەی پاریس سانجێرمان میوانداریی یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بەشێوەی راستەوخۆ.
لە دوایین مەشقەکانی یانە فەرەنسییەکەدا، یاریزانانی یانەکە پێشوازییان لە درۆ فێرناندێز یاریزانی نوێی یانەکە کرد و دوای ئەوە راهێنانەکانیان دەستپێکرد.
پاریس لە گەڕی رابردوودا چوار بردنەوە، یەکسانبوونێک و دوو دۆڕانی هەیە و بە 13 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندە، تیپەکە دەیەوێت بە راستەوخۆ بگاتە قۆناخی داهاتوو بۆیە پێویستی بەبردنەوەیە.
یانەی نیوکاسڵ یونایتد بەهەمان شێوە هیوایەکی زۆری ماوە بۆ گەیشتن بە قۆناخەکە بەشێوەی راستەوخۆ، ئەوان هەمان ژمارەی خاڵەکانی پاریس سانجێرمانیان هەیە و بەجیاوازیی گۆڵ لەگەڵ ئەو یانەیە لە پلەی حەوتەمی ریزبەندە، کامیان یارییەکە بباتەوە و هەلی زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ بگاتە قۆناخی داهاتوو.
هەردوو یانە پێشتر تەنیا دووجار بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، ئەوانیش لە وەرزی 2023-2024 بوون، لە پاریس هەردوولا یەکسانبوون و لە نیوکاسڵ یانە ئینگلیزییەکە بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانە فەرەنسییەکەی بردەوە.
یاریگەی مارادۆنا یارییەکی لووتکە بەخۆیەوە دەبینێت
لە یارییەکی سەرنجڕاکێش و بەهێزدا، لە یاریگەی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا لە باشووری ئیتاڵیا، یانەی ناپۆلی لە رکابەرییەکی بەهێزدا رووبەڕووی یانەی چێڵسی دەبێتەوە و دەیەوێت پارێزگاری لەو هەلە بچووکەی بکات کە بۆ گەیشتن بە قۆناخی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ هەیەتی.
چێڵسی بەر لەم یارییە لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگە و ئەمە دوایین پلەی یانە سەرکەوتووەکانی خولەکەیە، بەر لەوەی یارییەکانی دوایین گەڕی قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگ بکرێن، بۆ ئەوەی لەو پلەیە بمێنێتەوە یان زیاتر بچێتە پێشەوە و یەکێک بێت لە یانەکانی قۆناخی داهاتوو، بلۆز جگە لە بردنەوە بژاردەیەکی دیکەی نییە.
چێڵسی لە 7 یارییدا خاوەنی 4 بردنەوەیە، لە یارییەکدا یەکسانبووە و 2 جار دۆڕاوە، ئێستا یانەکە 13 خاڵە، هەمان ژمارەی خاڵەکانی بەشێکی زۆری رکابەرەکانی هەیە.
ناپۆلی لە پلەی 25ـەمی ریزبەندی یانەکانی ئەورووپایە، یانەکە 2 یاریی بردووەتەوە، لە 2 یارییدا یەکسانبووە، 4 جار دۆڕاوە، ئێستا خاوەنی 8 خاڵە و هەلێکی زۆر کەمی هەیە بۆ ئەوەی یەکێک بێت لە یانەکانی قۆناخی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ.
لە وەرزی 2011-2012 هەردوو یانە ئیتاڵی و ئینگلیزییەکە دوو یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، یارییەک لە بەرژەوەندی ناپۆلی و یەکێکیان لە بەرژەوەندی چێڵسی کۆتاییهاتووە.
بارسێلۆنا یاریی مان و نەمان دەکات
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی یارییەکی یەکلاکەرەوەی دەبێت و جگە لە بردنەوە هیچ ئەنجامێکی دیکە هاوکاریی یانەکە ناکات بۆ گەیشتن بە قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەشێوەی راستەوخۆ.
بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا دوایین یاریی ئەم قۆناخەی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدات و میوانداریی یانەی کۆپێنهاگنی دانیمارکی یاریی دەکات.
بارسێلۆنا بەر لە ئەنجامدانی ئەم یارییە لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگە، 7 یاریی ئەنجامداوە، 4 بردنەوە، یەکسانبوونێک و 2 دۆڕانی هەیە و خاوەنی 13 خاڵە، جیاوازیی گۆڵەکانی لەگەڵ رکابەرەکانی زۆر نییە، بۆیە پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی سوود لە ئەنجامی تیپەکانی پێش خۆی ببینێت بەتایبەت رووبەڕوبوونەوەی پاریس سانجێرمان و نیوکاسڵ بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
یانەی کۆپێنهاگن، لە پلەی 26ـەمی ریزبەندی چامپیۆنزلیگە، یانەکە بە دوو بردنەوە، دوو یەکسانبوون و 3 دۆڕان 8 خاڵی کۆکردووەتەوە و هەلێکی زۆر لاوازی هەیە بۆ ئەوەی بگاتە پلەی ئۆف، بەڵام ئەرکیان زۆر زەحمەتە.
لە وەرزی 2010-2011 هەردوو یانە دوو یارییان لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە لە یارییەکدا بارسێلۆنا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و یارییەکیش بەیەکسانبوون تەواو بووە.
بەرەو قۆناخی 16 و پلەی ئۆف
تاوەکو ئێستا تەنیا هەردوو یانەی ئارسیناڵ و بایرن میونشن سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا مسۆگەر کردووە، ئەمشەو 6 یانەی دیکە دەگەنە قۆناخی داهاتووی رکابەرییەکە، کەواتە یەکەم تاوەکو هەشتەمی ریزبەند، راستەوخۆ لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ دەبن،
دوای ئەوە لە نۆیەمی ریزبەند تاوەکو خاوەنی پلەی 24ـی ریزبەند دەگەنە قۆناخی پلەی ئۆف و دوای ئەوەش 8 یانەی دیکە دەگەنە قۆناخی شازدەی رکابەرییەکە و بەو شێوەیە هەردوو قۆناخی یەکەم و پلەی ئۆفی رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگ تەواو دەبن.
رکابەرییە بەهێزەکە لەسەر گەیشتن بە قۆناخی شازدەیە بەشێوەی راستەوخۆ، بەتایبەتیش لەنێوان یانەکانی پاریس سانجێرمان، نیوکاسڵ، چێڵسی، بارسێلۆنا، سپۆرتینگ لیسبۆنە، مانچێستەر سیتی، ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئاتالانتا، کە هەموو ئەم یانانە لە پلەی شەشەمەوە تاوەکو سێزدەیەمی ریزبەندی خولەکە 13 خاڵیان هەیە و بە جیاوازیی گۆڵ لەپێش یەکدییەوەن بۆیە ئەمشەو رکابەرییەکە بەهێز دەبێت بۆ کردنەوەی شوێنی خۆیان لە قۆناخی داهاتوو.
گۆڵکاری چامپیۆنزلیگ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید پێشەنگی گۆڵکارانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپایە یاریزانەکە لە 6 یارییدا بەشدارییکردووە، 11 گۆڵی تۆمارکردووە، 10 گۆڵی بە قاچی راست بووە و گۆڵێکی بە سەر تۆمارکردووە، دوو نزیکترین رکابەر لێیەوە، هاری کەین، هێرشبەری بایرن میونشن و ئەنتۆنی گۆردن، یاریزانی نیوکاسڵن کە هەردووکیان خاوەنی 7 گۆڵن.