دهۆک چاوی لە بردنەوەیە و هاڕوون داوا دەکات بەدەستی بەتاڵەوە نەچنە یاریگە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک لە ئێوارەیەکی تایبەتدا یارییەکی بەهێزی دەبێت و دەیەوێت بردنەوە و هاوکارییەکانی بەیەکەوە پێشکێشی رۆژئاڤای کوردستان بکات.
 
دهۆک لە رکابەرییەکانی گەڕی 15ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی زەورا یاریی دەکات و عەبدولغەنی شەهد، رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە.
 
دوای یەکسانبوونی لە دێربیی بادیناندا بەرامبەر یانەی زاخۆ، یانەی دهۆک دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست و زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیکببێتەوە.
 
حەیدەر نەجم، یاریدەدەری راهێنەری یانەی دهۆک لە دوایین مەشقەکانی یانەکە گوتی "جگە لە سەعد ناتق کە دوای یارییەکەی زەورا ئامادە دەبێت هەموو یاریزانەکان ئامادەن، سوپاس بۆ خوا یوسف بن سۆدە لە پێکان گەڕاوەتەوە و بۆ یارییەکە ئامادەیە. ئاستی تیپەکەمان یاری بە یاری بەرزتر دەبێتەوە، دوو خاڵی گرنگمان لە یاریی رابردوودا لەدەستدا کە زۆر گرنگ بوون بۆ ئەوەی نزیک ببینەوە لە تیپەکانی پێشەوەی ریزبەندی."
 
یاریدەدەری راهێنەری دهۆک زیاتر دەڵێت "یارییەکەمان بەرامبەر بە زەورا یاریی لووتکە دەبێت چ لە رووی هاندەرەوە چ لە رووی هونەرییەوە لەنێو لاکێشەی سەوز، شیکردنەوەمان بۆ هەموو خاڵە بەهێز و لاوازەکانی یانەی زەورا کردووە، یاریزانەکانمان لەوپەڕی ئامادەییدان، پێویستمان بە ئامادەبوونی زۆری هاندەران هەیە بۆ ئەوەی هانمان بدەن، هیوادارین سێ خاڵی یارییەکە ببەینەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی نزیکببینەوە."
 
دهۆک بەر لە یارییەکە کەمپینێکی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ منداڵانی رۆژئاڤای کوردستان راگەیاند، کەمپینەکە بەر لە ئەنجامدانی یارییەکەی ئەمڕۆ تەواو دەبێت، یانەی دهۆک داوا لە هاندەرانی دەکات تەنیا دایبی و شیری منداڵان لەگەڵ خۆیان ببەن.
 
هاڕوون ئەحمەد، کاپتنی یانەی دهۆک لەلێدوانێکدا بۆ میدیاکان گوتی "داوا لە هاندەرانمان دەکەین بەدەستی بەتاڵەوە نەیەنە یاریگە و بەدەستی پڕەوە وەرن بۆ ئەوەی بەیەکەوە هاوکاریی رۆژئاڤای کوردستان بکەین."