بەهۆی 'کەزی' ئەگەری هەیە ئامەدسپۆر سزابدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا لێکۆڵینەوە لەگەڵ یانەی ئامەدسپۆر و ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەکە دەکات و لێکۆڵینەوە لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی کچێک دەکات کە لەنێو یاریگەی یانەکەدا پرچی دەکاتە کەزی.
 
لیژنەی رێککاریی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، یانەکە رۆژی 22-1-2026 لە هەژماری فەرمی خۆی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، بەمەش زیانی بە شکۆی تۆپی پێ گەیاندووە و پڕۆپاگەندەی بۆ ئایدۆلۆژیا کردووە، بۆیە بەپێی ماددەی 42ـی پەیڕەوی لیژنەی ریککاری، یانەکە و سەرۆکەکەی بانگهێشتی لیژنەکە دەکرێن."
 
یانەی ئامەدسپۆر لە دوای بڕینی کەزیی شەڕڤانێکی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان، چووە پاڵ دەنگی هەموو ئەو کوردانەی لەسەر ئاستی کوردستان و جیهان پاڵپشتییان لە شەڕڤانەکە کرد و ڤیدیۆیەکی تایبەتی دروستکردنی کەزیی کچێکی لەنێو یاریگەی یانەکەدا بڵاوکردەوە و ئەمەش کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر بە رووداوی راگەیاند، ئەوان بەهیچ شێوەیەک پڕۆپاگەندەی ئایدۆلۆژیان نەکردووە، تەنیا ئەوە وەکو هەڵوێستێک بووە بەرامبەر بڕینی کەزیی کچێکی کورد، بۆیەش ئەمڕۆ بە نووسراوی فەرمی تانە لە بڕیاردانی گرتنەبەری ئەو رێککارە لە دژی یانەکە دەدەین.
 
لیژنەی رێککاریی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، ئەمەی پێ قبوڵ نییە و بڕیارییداوە یانەی ئامەدسپۆر و ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەکە بانگهێشتی لیژنەی رێککاریی بکرێن بۆ لێکۆڵینەوە.