درۆ، چیرۆکی ئەو بەهرەمەندەی لە تاوانێکی کوشتنەوە سەریهەڵدا


رووداو دیجیتاڵ

درۆ فێرناندێز، یەکێک لە بەهرەمەندەکانی ئەکادیمیای لاماسیای بارسێلۆنا، بڕیاریدا ئەو یانەیە بەجێبهێڵێت و پەیوەندی بەپاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە کرد.
 
پاریس سانجێرمان بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەو لاوەدا تاوەکو 2030 راگەیاند. سەرچاوەکان گوتیان گواستنەوەکە تەنیا 8 ملیۆن یۆرۆ لەسەر پاڵەوانی ئەورووپا کەوتووە.
 
درۆ، لە دوانزەی ئەم مانگەدا، تەمەنی بووە 18 ساڵ، بەیەکێک لە دیارترین بەهرەمەندەکانی بارسێلۆنا دادەنرا. بارسا دەیویست لەگەڵ بوونی بە 18 ساڵ، گرێبەستەکەی ئەو یاریزانە تاوەکو 2031 نوێبکاتەوە و مووچەکەی زیاد بکات، بەڵام ئەو بەهرەمەندە لەناکاو و شۆکهێنەرانە یانەکەی بەجێهێشت.
 
درۆ لە تەمەنی 14 ساڵیدا پەیوەندی بەبارسێلۆناوە کردووە، لە تیپی تەمەنە جیاوازەکانی ئەکادیمیای یانەکە بووە، بەرلەوەی ببێتە یەکێک لە گرنگترین بەهرەمەندەکانی ئەکادیمیاکە.
 
درۆ لە گەڕەکی سارمێنتۆس لە 12 یەکی 2008 لەدایکبووە، لە شارۆچکەی نیگران. بەڵام ژیانی ئەو پەیوەست بووە بە رووداوێکەوە کە رۆژی 31ی یەکی ساڵی 1992 روویدا.
 
لەو رۆژەدا (31/1/1992)، دوو ئەفسەری پۆلیسی نیشتمانیی ئیسپانیا، هەڵیانکوتایە سەر ڤێلایەک لە ناوچەی نیگران لە رۆژئاوای ئیسپانیا، لەوێ چوار کەسیان کوشت، لە نێویاندا باپیر و داپیرە و پوورێکی بەهرەمەندەکەی بارسا.
 
چیرۆکەکە ئەوکاتە دەستیپێکرد، کە دوو ئەفسەرەکە بەجلوبەرگی فەرمییەوە هەڵیانکوتایە سەر ڤێلایەک و داڤید فێرناندێزی بزنسمان و بێلار سانرۆمانی هاوژینی و مارتای کچیان کوشت. ئەمە جیا لە خزمەتکارەکەیان بەناوی ئانا ئیزابێل کۆستاس.
 
ئەو دوو پۆلیسە، پلانیان دانابوو بەزۆر پارە لە بزنسمانەکە و هاوژینەکەی بستێنن، بەڵام کارەکە بەکوژرانی باپیر و داپیری درۆ و پورێکی و خزمەتکاری ماڵەکەیان کۆتایی هات.
 
لە رووداوەکەدا، باوکی درۆ یەکێک بوو لەو منداڵانەی لە ماڵەکەدا سەرگەرمی یارییکردن بوو کاتێک پۆلیسەکان هەڵیانکوتایە سەری، بەڵام ئەو و برایەکی بەدزییەوە لە ڤێلاکە هاتنە دەرەوە و لە دەستی بکوژەکان رایانکرد.
 
پیدرۆی باوکی درۆ، دواتر لەگەڵ براکەیدا بەسەلامەتی خۆیان لەدەستی پۆلیسدا بینییەوە و لە کوشتنەکە رزگاریان بوو.
 
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و گەیشتن بەئەنجام تاوەکو ساڵی 1996 بەردەوام بوو، لەو ساڵەدا دادگای ناوچەی بۆنتیڤیدار بڕیاری بەندکردنی بۆ ماوەی 212 ساڵ بەسەر هەریەکە لە مانوێل لۆرینزۆ و خیسۆس ڤێلادا سەپاند کە ئەو دوو پۆلیسە بوون کە، لە ماڵی باپیری درۆدا قەسابخانەکەیان خستەوە.
 
پۆلیسەکان رووبەڕووی چەندین تۆمەتی جیاوازکرانەوە، لە نێویاندا شەش حاڵەتی دەستبەسەرکردنی نایاسایی، سێ تاوانی کوشتن، تاوانی دزی و کوشتن، هەروەها هەوڵدان بۆ کوشتنی دوو کەسی دیکە، لەنێویاندا باوکی درۆ.
 
باوکی درۆ لەو رووداوی کوشتنی بەکۆمەڵە رزگاری بوو، دواتر هاوسەرگیری کرد و ساڵی 2008 پێدرۆ فێرناندێز سارمێنتۆ 'درۆ' لەدایکبوو، کە منداڵی پێدرۆ فێرناندێز و ئیلای مای و نەوەی دەیڤید فێرناندێز و بیلار سانرۆمان و برازای مارتا فێرناندێزی کوژراوانی نێو قەسابخانەکە بوون.
 
درۆ دواتر بووە یەکێک لە بەهرەمەندترین دەرچووەکانی ئەکادیمیای یانەی بارسێلۆنا و دوێنێ یەکەم مەشقی بەدرێسی یانەی پاریس سانجێرمانەوە ئەنجامدا.