لە دەیڤد ئالاباوە بۆ هاندەرانی ریال مەدرید

 
رووداو دیجیتاڵ

دەیڤد ئالابا، ئەستێرەی نەمسایی و یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە، بەهۆی بۆ خەڵاتی زە بێست دەنگی بە لیۆنێل مێسی داوە.
 
دوای ئەوەی دەنگی کاپتنی هەڵبژاردەکان بۆ باشترینەکانی جیهان ئاشکراکرا، دەرکەوت کە ئالابا دەنگی یەکەمی بە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتین داوە بۆ بردنەوەی خەڵاتی زە بێست، ئەمەش هاندەرانی یانەی ریال مەدریدی تووڕەکردووە و یاریزانەکە لەلایەن هاندەرانەوە هێرشیدەکرێتە سەر و بەشێکی زۆریان داوای کرانە دەرەوەی یاریزانەکە لە یانەکە دەکەن، هەندێکیشیان رەگەزپەرستیان بەرامبەر یاریزانەکە بەکارهێناوە و وێنەی مەیموونیان بۆ لە کۆمێنت داناوە.
 
دەیڤد ئالابا لەبارەی ناڕەزایەتی هاندەران و دەنگدانی بە مێسی دەڵێت " هەڵبژاردەی نەمسا وەک تیپ دەنگی داوە، نەک من بەتەنیا، هەموو ئەوانەی لە هەڵبژاردەکەدا یارییدەکەن مافی ئەوەی هەیە لە دەنگدانەکەدا پرس و رای وەربگیرێت بۆیە بەو شێوەیە دیارییکراوە."
 
بەرگریکارە نەمساییەکەی یانەی ریال مەدرید زیاتر دەڵێت " هەمووان دەزانن، بەتایبەتیش کەریم بنزیما کە من چەند سەرسامم بە خۆی و ئاستەکەی، زۆرجار گوتوومە ئەو باشترین هێرشبەری جیهانە و ئێستاش بەبێ هیچ گومانێک وایە."
 
رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باشترینی ساڵ، لەلایەن فیفاوە لە پاریس بەڕێوەچوو، لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتین و یانەی پاریس سانجێرمان وەک باشترین یاریزانی ساڵی 2022 خەڵاتەکەی بردەوە.