ئامەدسپۆر چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە


رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی درێژەدان بە رکابەریکردن لەسەر پێشەنگی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا، یانەی ئامەدسپۆر یارییەکی دیکە ئەنجامدەدات و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
 
کاژێر 20:00 ئامەدسپۆر لە رکابەرییەکانی گەڕی 27ـی خولەکەدا، ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە ئەنقەرە بەرامبەر یانەی کەجی ئۆرەنگوجۆ یاریی دەکات و ئەرکی ئاسان نییە.
 
کەسک و سوور دوای بردنەوەی یاریی رابردووی لە وان سپۆر، بە ورەیەکی بەرزەوە چووەتە ئەنقەرە و دەیەوێت سێ خاڵی یارییەکەی ئەمڕۆ بباتەوە بۆ ئەوەی لە رکابەریکردنی هەردوو یانەی ئێرۆک سپۆر و ئەرزورووم سپۆر بەردەوامبێت بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە سوپەرلیگ.
 
ئامەدسپۆر ئێستا بەشێوەیەکی کاتی 5 خاڵ لە ئێرۆک سپۆر و 3 خاڵ لە ئەرزورووم سپۆرەوە دوورە.
 
یانەی کەجی ئۆرەنگوجۆ لەم وەرزەدا 8 یاریی دۆڕاندووە، یانەکە لە پلەی نۆیەمی ریزبەندە و چاوی لەوەیە لە ناوچەی پلەی ئۆفدا بمێنێتەوە، بۆیەش دەیەوێت لە یاریگەی خۆی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت.