بارسێلۆنا چارەنووسی راشفۆردی یەکلاکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یانەی بارسێلۆنا رازی بووە بە کڕینەوەی هەمیشەیی گرێبەستی مارکۆس راشفۆرد، دوای ئەوەی هاوینی رابردوو بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە یانە کەتەلۆنییەکەوە کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە پلانەکانی مانچێستەر یونایتد چووە دەرەوە.
راشفۆرد کە تەمەنی 28 ساڵە، ئەزموونێکی ئەرێنی لە ئیسپانیا بەسەردەبات و پێشتریش ئارەزووی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ تیپەکە دوای کۆتاییهاتنی وەرز نیشان دابوو.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە کە بارسێلۆنا بڕیاری داوە مەرجی کڕینەوەی نێو گرێبەستی خواستنەکە چالاک بکات، کە ماف دەداتە یانەکە یاریزانەکە بەرامبەر 30 ملیۆن یۆڕۆ بکڕێتەوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە دانوستان لەنێوان کارگێڕیی بارسێلۆنا و بەڕێوەبەری کارەکانی راشفۆرد بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکە بەردەوامە، دوای ئەوەی راپۆرتەکانی پێشوو باسیان لە هەوڵی یانەکە دەکرد بۆ کەمکردنەوەی نرخی گرێبەستەکە.
راشفۆرد رەزامەندیی خۆی لەسەر گرێبەستەکە دەربڕیوە، سەرەڕای ئەوەی ناچاربووە مووچەی هەفتانەی خۆی لە 315 هەزار پاوەندەوە کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ سیستمی مووچەکانی بارسێلۆنا بگونجێت.
یانە کەتەلۆنییەکە لە وەرزەکانی دواییدا هەنگاوی ناوە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی مووچەکان، ئەمەش وەک پابەندبوون بە یاساکانی یاریی خاوێنی دارایی لە خولی ئیسپانیا، بەگوێرەی رۆژنامەکە و راپۆرتە میدیاییەکانی دیکە، راشفۆرد گرێبەستێکی سێ ساڵە واژۆ دەکات بۆ ئەوەی لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا لە یاریگایکامپ نو بەردەوام بێت.