فیفا قسە لەبارەی ئەگەری دواخستنی مۆندیال دەکات؟
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ناسراو بە فیفا، رایگەیاند چاودێریی وردی پێشهاتەکانی ئێران دەکەن، لەکاتێکدا ماوەیەکی کەم ماوە بۆ دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیال کە بڕیارە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا ئەنجام بدرێن.
ماتیاس گرافسترۆم، سکرتێری گشتیی فیفا، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ئاگاداری هەواڵەکانی ئەمڕۆن لەبارەی ئێران. گرافسترۆم گوتی "من هەواڵەکانی ئەمڕۆم لەبارەی ئێران خوێندنەوە، بە هەمان شێوەی ئێوەش. ئێمە ئەمڕۆ کۆبوونەوەمان هەبوو، هێشتا زووە قسە لەسەر وردەکارییەکان بکەین، بەڵام چاودێریی پێشهاتەکان و تەواوی کێشەکانی جیهان دەکەین".
هەڵبژاردەی ئێران سەرکەوتنی بۆ جامی جیهانی مسۆگەر کردووە، بەڵام هێرشە مووشەکییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە، بووەتە هۆی نیگەرانیی وەرزشوانان، چونکە بڕیارە ئەمریکا میوانداریی پاڵەوانێتییەکە بکات. میدیاکانی جیهان باس لەوە دەکەن، فیفا دەیەوێت دڵنیابێتەوە لەوەی گرژییە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر بەڕێوەچوونی یارییەکان و بەشداریی هەڵبژاردەکان نابێت.
بڕیارە یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو لە 11ـی مانگی شەش دەستپێبکات بەڵام ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئێران پاڵەوانێتییەکەی رووبەڕووی مەترسیی کردووەتەوە.
هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل، ئێران، نوێترین ئاڵنگاریی ئاسایشییە کە رووبەڕووی مۆندیالی داهاتوو دەبێتەوە، پاشئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا سەرهەڵدانی شەپۆلێکی تووندی تووندوتیژی مەکسیکی گرتەوە (کە یەکێکە لە وڵاتە میواندارییکەرەکانی پاڵەوانێتییەکە) بەهۆی کوشتنی گەورە بازرگانێکی هۆشبەر لەلایەن هێزە ئاسایشپارێزەکانی مەکسیک.