دێر کلاسیکێر.. دۆرتموند دەیەوێت کرانە دەرەوەی لە چامپیۆنزلیگدا قەرەبوو بکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دێر کلاسیکێرە و رووبەڕووبوونەوە گەورەکەی ئەڵمانیا، لەنێوان هەردوو رکابەرە هەمیشەییەکە، بۆرووسیا دۆرتموند و بایرن میونشن، هەموو سەرنجەکان دەباتە سیگناڵ ئیدونا پارک.
 
زەردپۆشەکان، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجامەکانی یانەکەیان، وەک هەمیشە یاریگە بە هاندانە سەرنجڕاکێشەکەیان پڕ دەکەن، ئاخر ئەوان جگە لەو هەلە کەمەی بۆ رکابەریکردن لەگەڵ بایرن لەسەر نازناوی بوندێسلیگا ماویەتی هیچ دیکەیان بەدەستەوە نییە.
 
دۆرتموند لە پاشکۆی چامپیۆنزلیگدا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرامبەر ئاتالانتای ئیتاڵی دۆڕا، تیپەکە دەیەوێت بەبردنەوەی سێ خاڵی دێر کلاسیکێر پێکەنین بگەڕێنێتەوە نێو یاریگە قەشەنگەکەی و نزیکبوونەوەی زیاتری باڤارییەکان لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی بوندێسلیگا زیاتر دوابخات.
 
دۆرتموند 15 یارییە لە بایرن میونشنی نەبردووەتەوە، بەڵام یاریی نێوان هەردوو یانە هەمیشە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئامار، رووبەڕوووبوونەیەکی سەرنجڕاکێش و بەهێز بووە.
 
بایرن میونشن، لە بەهێزترین تیپەکانی ئەم وەرزەی ئەورووپایە و پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە، ئەوان لە 23 گەڕدا تەنیا یەک یارییان دۆڕاندووە.
 
بردنەوەی دێر کلاسیکێر هەمیشە بۆ باڤارییەکان چێژێکی تایبەتی هەبووە و بردنەوەی ئەم یارییە دووجار بۆ تیپەکەی ڤینسێنت کۆمپانی گرنگە، هەم بەهێزکردنی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە و دوورکەوتنەوەی زیاتر لە دۆرتموند، هەمیشە بەردەوامبوون لەسەر هەنگاونان بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولەکە.
 
لە ریزەکانی دۆرتموند یولیان ریێرسۆن بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتی زەردەوە یاریی ناکات و نیکلاس سولێ پێکانی هەیە.
 
لە بایرن میونشن مانوێل نۆیەر و ئەلفۆنسۆ دەیڤز پێکانیان هەیە، بەڵام هاری کەین و هاوڕێکانی بۆ یارییەکی دیکەی سەرنجڕاکێش ئامادەن.
 
هاری کەین 28 گۆڵی لە 23 گەڕی بوندێسلیگادا تۆمارکردووە، دۆرتموند لە تیپە دڵخوازەکانی ئەوە و لە 9 یارییدا 8 گۆڵی بەرامبەر ئەو یانەیە تۆمارکردووە و دەیەوێت ئەمشەو هەم ژمارەی خاڵەکانی بایرن زیادبکات هەمیشە گۆڵەکانی خۆی.
 
کاژێر 20:30 ئەم یارییە بەهێزەی نێوان هەردوو یانەی بۆرووسیا دۆرتموند و بایرن میونشن لە یاریگەی سیگناڵ ئیدونا پارک بەڕێوەدەچێت.