یاریزانێکی پێشووی ناپۆلی هێرشی تووند دەکاتە سەر ئانتۆنیۆ کۆنتی


رووداو دیجیتاڵ

ئەلیساندۆ رینیکا، بەرگریکەری پێشووی ناپۆلی، هێرشی تووندی کردە سەر شێوازی کارکردنی ئانتۆنیۆ کۆنتی راهێنەری ناپۆلی و دەڵێ ئەو راهێنەرە ماسوولکەی یاریزانەکانی دەگوشێت.
 
رینیکا ماوەی شەش ساڵ لە ناپۆلی یارییکردووە و نازناوەکانی خول و جام و جامی (پێشووی) یەکێتیی ئەورووپای لەگەڵدا بەدەستهێناوە.
 
ناپۆلی لە وەرزی ئەمساڵدا بەدەست پێکانی زۆری یاریزانەکانییەوە دەناڵێنێت، تیپەکە بەبەردەوامی یاریزانە کاریگەرەکانی لەدەستدەدات، لە نێویاندا کیڤن دیبرۆین، فرانک ئینگێزا، بیلی گیلمۆر و ئەمیر رەحمانی.
 
رینیکا پێیوایە، قەبارە و سرووشتی یەکە مەشقییەکانی کۆنتی لە سەنتەری مەشقەکانی یانەکە لە 'کاستل فۆلتۆرنۆ'، هۆکاری ئەو تەنگژە گەورەیەیە کە تیپەکە لە پێکانی یاریزانەکاندا دووچاری بووە.
 
رینیکا قسەی بۆ میدیاکانی ئیتاڵیا کردووە و دەڵێ، "پێموایە ئەم هەموو پێکانە، پەیوەندییان بەشێوازی مەشقدانی کۆنتییەوە هەیە، من هەرگیز لە یەکە مەشقییەکانیدا بەشداریم نەکردووە، بەڵام ئەوەندە بەسە گوێ لە یاریزانەکان بگرم، تاوەکو بزانم دۆخەکە چۆنە".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "بۆ نموونە دیبرۆین، گوتویەتی لە ماوەی دە ساڵ یارییکردن لە مانچێستەر سیتی، هێندە سێ مانگ یارییکردن لە ناپۆلی رای نەکردووە، مەشقی جەستەیی بێ تۆپ، دەبێتە هۆکاری شەکەتبوونی ماسوولکەکان و هەر ئەوەش سەردەکێشێت بۆ پێکان".
 
بەرگریکەرەکەی پێشوو هەروەها دەڵێ، "من بڕوانامەی مەشقدانم هەیە، هەموو پڕۆگرامەکان شارەزام و کاتێک وەک راهێنەر فۆکسەم دەخستە سەر مەشقی توانای جەستەیی، رووبەڕووی کێشەی زۆر دەبوومەوە لەگەڵ ماسوولکەی یاریزانان".
 
رینیکا دڵەڕاوکەی تایبەتی خۆی لەبارەی دۆخی پێکرانی ئەمیر رەحمانیی بەرگریکەری یانەکە دەربڕیوە و دەڵێ، "ئەو بەدەست سێیەم پێکرانی ماسوولکەوە دەناڵێنێت، ئەو یاریزانێکە لە هێڵی بەرگریدا قەرەبوو ناکرێتەوە، بەشداریکردنی پچڕ پچڕی ئەو لە یارییەکاندا، کێشە بۆ تیپەکە دروستدەکات".
 
رینیکا وێڕای رەخنە تووندەکانی لەو راهێنەرە ئیتاڵییە، دووپاتیدەکاتەوە کە کۆنتی راهێنەرێکی لێهاتووە و لە ریزی راهێنەرە گەورەکانە.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "جێگەی داخە ئەو راهێنەرە هەوڵنادات لە رووی جەستەییەوە گەشە بەکارەکەی بدات، سەرنەکەوتنی تیپەکە لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ شتێکی کاریگەر بوو، پێموایە ئەوە کەمتەرخەمیی راستەقینەیە".
 
کۆنتی کە لە 2024 مەشقدانی یانەکەی وەرگرتووە، وەرزی رابردوو نازناوی خولەکەی بەدەستهێنا. ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە.