لیۆنێل مێسی دەچێتە کۆشکی سپی؟

رووداو دیجیتاڵ

 

ئایا لیۆنێل مێسی بەرەو کۆشکی سپی هەنگاو دەنێت و ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە لە واشنتن دەبێتە میوانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرووەکانی ئەمریکا یان بۆ جاری دووەم لیۆ چوونە کۆشکی سپی رەتدەکاتەوە؟!
 
کاروانی سەرکەوتنەکانی لیۆنێل مێسی تەنیا لەناو یاریگەکاندا ناوەستێت، بەڵکو ئەمجارە بەرەو دڵ و ناوەندی بڕیاری سیاسی لە جیهان هەنگاو دەنێت. بەرپرسێک لە کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە کە یانەی ئینتەرمەیامی بەسەرکردایەتی ئەفسانەی ئەرجەنتینی، رۆژی پێنجشەممە 5ـی3ـی2026 دەبێتە میوانی کۆشکی سپی.
 
نەریتێکی دێرین و ساتێکی مێژوویی
 
ئەم سەردانە مێژووییە بۆ پیرۆزباییکردنە لە یانەکەی مێسی دوای ئەوەی توانییان نازناوی خولی ئەمریکی  MLS Cup بەدەستبهێنن. سەردانیکردنی کۆشکی سپی نەریتێکی وەرزشیی زۆر دێرین و شکۆدارە لە ئەمریکا؛ کە تێیدا یانە پاڵەوانەکان لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە واشنتن پێشوازییان لێدەکرێت. دوایین یانەش کە ئەو شەرەفەی پێ بڕا، یانەی کۆڵۆمبۆس کرو بوو لەساڵی 2024.
 
ئەگەر مێسی لەو رێوڕەسمەدا ئامادە بێت، ئەوا دەبێتە یەکەمجار کە رووبەڕوو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.  مێسی پێشتر و لە کانوونی دووەمی 2025 لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە بانگهێشت کرابوو بۆ وەرگرتنی 'میدالیای ئازادیی سەرۆکایەتی'، بەڵام بەهۆی پابەندییەکانییەوە نەیتوانیبوو ئامادە بێت.
 
رۆناڵدۆ پێش مێسی گەیشتە کۆشکەکە!
 
ناکرێت باس لەم سەردانە بکرێت و ناوی رکابەرە مێژووییەکەی مێسی نەهێنرێت. کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو وەک ئەندامێکی شاندی سعودیە لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلمان سەردانی کۆشکی سپی کرد. دۆن لەوێ پێشوازییەکی تایبەتی لێکرا و 'کلیلی کۆشکی سپی' وەک دیاری لەلایەن ترەمپەوە پێبەخشرا، کە سەرۆکی ئەمریکا هەمیشە سەرسامیی خۆی بۆ ئەستێرە پۆرتوگالییەکە دەربڕیوە و تەنانەت داوەتی کردووە بۆ یاریکردن لە ئەمریکا.
 
ئامارە نایابەکانی لیۆ
 
مێسی لەوەتەی لە ساڵی 2023ـوە پەیوەندی بە ئینتەرمەیامییەوە کردووە، شۆڕشێکی گەورەی لە تۆپی پێی ئەمریکادا بەرپاکردووە. ئەو ئەفسانەیە لە 89 یارییدا 77 گۆڵی تۆمارکردووە و 44 ئەسیستیشی هەبووە. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر رۆژی 5ـی ئادار دەبن، تاوەکو ببینن گەورەترین یاریزانی مێژوو چۆن لەناو کۆشکی سپیدا دەردەکەوێت، کە هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن "زەحمەتە مێسی سەردانی کۆشکی سپی بکات". بەتایبەتی کە نوێنەری لیۆنێل مێسی وەڵامی پرسیارێکی نەدایەوە سەبارەت بەوەی ئایا ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بەشداری لە سەردانەکەدا دەکات یان نا، بەڵام وادەی دیاریکراو پێش یارییەکەی تیپەکە دێت بەرامبەر دی سی یونایتد، کە رۆژی شەممە 7ـی ئادار ئەنجام دەدرێت.