یاریگه‌ی یانه‌كه‌ی تێڤێز سووتا


رووداو – هه‌ولێر

به‌رپرسانی شاری شانگهای چین رایانگه‌یاند، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ئاگر له‌ به‌شێكی یاریگه‌ی یانه‌ی شانگهای شینهوا به‌ربووه‌، به‌ڵام كۆنتڕۆڵكراوه‌.

یانه‌ی شانگهای شینهوا له‌ خولی چین به‌شداره‌ و به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ئاگر له‌ به‌شێكی یاریگه‌كه‌ی به‌ربووه‌، به‌ڵام هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه‌ و ئاگره‌كه‌ش دواتر كۆنتڕۆڵكراوه‌.

به‌رپرسانی حكوومه‌ت له‌ شاره‌كه‌ له‌سه‌ر ئینته‌رنێت بڵاویانكرده‌وه‌، ئاگره‌كه‌ به‌شێكی یاریگه‌ی هۆنگ كۆی سووتاندووه‌ و ئه‌وانیش لێكۆڵینه‌وه‌ی تێدا ده‌كه‌ن.
ئاژانسی هه‌واڵی چین له‌ لای خۆیه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، ئاگره‌كه‌ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر یاریگه‌كه‌ نه‌بووه‌.

یانه‌ چینییه‌كه‌ له‌ مانگه‌كانی رابردوودا پاره‌یه‌كی زۆری له‌ گواستنه‌وه‌ی یاریزاناندا خه‌رجكردووه‌، له‌وانه‌ گواستنه‌وه‌ی كارلۆس تێڤێزی ئه‌رجه‌نتینی به‌ بڕی 84 ملیۆن یۆرۆ، هاوكات یاریزانانی دیكه‌ی وه‌كو، دیمبا بای سه‌نیگالی، ئۆبافیمی مارتینێزی نه‌یجیریایی و فرێدی گوارینی كۆڵۆمبی له‌وێدا یاریی ده‌كه‌ن.

یانه‌ی شانگهای شینهوا كه‌ مه‌شقی له‌ ئه‌ستۆی گۆس پۆیتی راهێنه‌ره‌، وه‌رزی رابردوو پله‌ی چواره‌می خولی چینی به‌ده‌ستهێنا و 16 خاڵ له‌ پاڵه‌وانی خوله‌كه‌وه‌ دووربوو، كه‌ یانه‌ی گوانگژۆ ئێڤه‌رگراند بوو.